پەتێک، تۆڵەی مێژویەکی قێزەون دەکاتەوە!
ڕەنگین مەلا سەمەد
18/05/2026
266 جار خوێنراوەتەوە
کاتێک ئازارەکان لە قوڵایی بیابان دروستبون، جەلادێک خوێنی ئەپرژاندە برینەکانیان، بە هاوار و نوزەو ئاهەکان، قەڵایەک دەهاتە لەرزین، ویژدانەکان ڕائەچڵەکین، بیابان وشکیی خۆی بە خوێنی بێتاوانان ئاو دەدا و تینوێتی خۆی پێ ئەشکان.
نوگرە سەلمان، زیندانییەک هاوشێوەی دۆزەخ، چەند دیوارێک کە هاواریان کپ ئەکرد و، بە جیاکردنەوەی ڕۆح لە جەستە زریکەیان ئەگەیاندە کەشکەلانی فەلەک، وشک و بێدەنگ، بەڵام ترسێنەر و تەمومژاوی.
سێ دەیە لە برسیکردن و ئەشکەنجەدانی جەستەیی و دەرونی و تاوانی دەستدرێژیکردن و گەرما و چەوساندنەوە، نەیتوانی مێژویەکی تاڵ بەبیر نەخاتەوە و تاوانە قێزەونەکان پەردەپۆش بکات، نەیتوانی دڕندەیەک بە دادگا نەناسێنێت و گەلێک بە شکۆ و ناسنامەوە بسڕێتەوە.
سزادانی عەجاج یاخود جەلادە دڕندە و بێبەزەییەکەی نوگرە سەلمان، بوە خاڵێکی یاسایی دادپەروەر لەبەردەم تاریکترین دۆسییەی جینۆساید، تاوانی تاوانبارێک، بوە هۆی بەرزکردنەوەی شکۆ و سەروەریی و خۆڕاگریی گەلێک، کە بارتەقای ئاسمان و زەمین بریندار کراوە و چەوسێندراوەتەوە.
شایەتحاڵ و بەڵگە و ئاسەوارەکان بونە ڕەشەبایەکی بەهێز و تۆزی سەر تاوانە نیشتوەکانیان ڕاماڵی و ڕاپێچی بەردەم دادگا و یاسایان کرد.
عەجاج دەیویست لەژێر ڕوخسارێکی شاراوەوە هاوشێوەی پیرە پیاوێکی بێوەی ژیان بکات و کۆتایی تەمەنی بە خێر بێ، بێئاگا لەوەی تیشکی ڕاستیی و زیندویی خاکێک، چاودێریی کڕکەوتنیان دەکرد و لێنەگەڕان تا ڕاستییان نەسەلماند و، حاشایان لە زاری سڕ نەکرد.
ئیدی ئەو تارماییەی ساڵانێک نەدەبینرا، ڕاوکرا، ڕۆحە کوژراوەکانی بیابان ئاسودە بون.
ئیدی پەتی سێدارەدان بیری فاشیزمی عەجاجی ستەمکار بۆ ئەبەد دەکاتە گۆڕەوە و، لەسەر کێلەکەشی، پەڵەیەکی ڕەش لە مێژو بۆ لەعنەت کردن جێدەهێڵێ.
|
هەموو وتارەکانی
ڕەنگین مەلا سەمەد