بەبۆنەی دادگاییکردنی عەجاج؛ گەورە تاوانبار و جەللادی ئەنفالکراوەکان

ئەبوبەکر کاروانی 11/05/2026   116 جار خوێنراوەتەوە

چەند پێشنیارێك بۆ حکومەت و پارتەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی و ناوەندە فیکری و جەماوەرییەکان وهەرکەسێك جێگەی بایەخییەتی

پێش هەمو شتێك جێگەی داخە لەکاتێکدا گەورە جەللادێکی وەکو عەجاج وتاوانبارێکی  پرۆسەی جینۆسایدکردنی گەلەکەمان دادگایی دەکرێت، دۆخی کوردستانی باشورو پەیوەندی نێوان هێزەکانی و  واقیعی حوکمڕانییەکەی بەوجۆرەیە کە دەیبینین. ئەوە بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە کە ئەوڕابردوە کارەساتبارەی نەتەوەکەمان، بەئاستی جیاواز،  بەو ئەندازە یاداوەری نوخبەی بریاربەدەستی حیزبیی پێکناهێنێت، بەشی زاڵبون بەسەرناکۆکییەکان،  بیناکردنەوەی پەیوەندییەکان، سەرخستنی پرۆسەی نیشتیمانسازی و هەرێمێکی تۆکمەو یەکگرتو چاوبڕینە سەربەخۆیی بکات، کەجگەلەو، هیچ شتێك لەئاستە نەتەوەییەکەدا بارتەقای جینۆسایدکردنی گەلێك و هەوڵی تەفروتوناکردنی نییە. هەرچۆنێك بێت بەم بۆنەوە جەخت لەسەر ئەم پێشنیارو خاڵانەی خوارەوە دەکەینەوە:

١- دیاریکردنی ڕۆژێك  بۆیادکردنەوەی ساڵانەی جینۆسایدکردنی گەلی کورد لەعێراق وکۆی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا. دەکرێت یەکێ لە بژاردەکان ڕۆژی دەستپێکردنی پرۆسەی ئەنفالەکان بێت. لەم رۆژەدا هاوشێوەی هەندێ میللەتی تر، لەسەرتاسەری دنیادا، پارچەکانی کوردستان ودیاسپۆرا،هەمو ساڵێك خۆپیشاندانی ملێۆنیی ڕێکبخرێت، هەندێ رەمزی  ڕژێمی بەعسی تێدا بسوتێنرێت و کاری پێویستیتر ئەنجام بدرێت. ئەم چالاکییە جگەلە دەربرینی نەفرەت لەوتاوانەو جەختکردنەوە لەسەر زیندوێتی و مانەوەی کورد، دەبێتە کەرەسەیەکی گرنگی ناسنامە سازی نەتەوەیی وهاوچارەنوسیی ڕۆڵەکانی، وەبیرجیهانیش دەهێنرێتەوە، نەتەوەیەکی گەورەی جیهان کە جینۆسایدکراوە هێشتا وەك پێویست شوێنی خۆی لەسەر شانۆی جیهاندا نەگرتوەو بێ دەوڵەتە.

٢ - ساڵانە هەفتە ی زیندو کردنەوەیەکی تایبەتی ئەم یادەو کۆی یادە جەرگبرەکان هەبێت، تیایدا پێشبڕکێی ئەدەبی و هونەری وفیکریی ئەنجام بدرێت ، خەڵاتی باشترین رۆمان، فلیمی سینەمایی، کتێب ودەقی شیعریی وچیرۆك بکرێت، گرنگیشە دەستەیەکی چەسپاو سەرپەرشتی ئەمە بکات، بۆ کاری ستراتیژی هاوشێوەی بەرهەمهێنانی چەندفلیمێك لەسەرئاستی جیهانی وکۆنگرەی نێودەوڵەتی لەپایتەختە گەورەکان وهەوڵی داننان بەجینۆسایدکردنی کورد لەلایەن پەڕلەمانی وڵاتان وکۆڕو کۆمەڵە نێو دەوڵەتیەکانەوە، نەخشەی(٣-٥) ساڵی هەبێت حکومەتیش دەستکراوانە بودجەی بۆ دیاری بکات

٣- سەرلەنوێ داڕشتنەوەی هەمو ئەوبابەتانەی دەربارەی ئەنفال و کارەسات و بۆنەنەتەوە گەورەییەکانیتر لەپرۆگرامەکانی خوێندندا دیاریکراون، لەروانگەی پێویستییەکانی نیشتیمان و گەلسازی و قوڵکردنەوەی گیانی نیشتیمانپەروەرێتی کوردستانیی وتێپەڕاندنی دابەشبونە خوارنەتەوەییەکان.