هەناسەنەدان لەپێناو کەرامەت

ڕەنگین مەلا سەمەد 22/08/2025   957 جار خوێنراوەتەوە

کەرامەت یان کەسایەتیی پێویستە لە ڕۆحییەتدا بوونی هەبێت و لەگەڵ چرکەکانی تەمەندا بپارێزرێت،
بوونی ئەم مافە کەسییە هەموو بەها مرۆییەکانت لێ دەئاڵێنێ، پەیوەستبوون پێوەی قەدرو ڕێزو پایەت بۆ دابین دەکات، بێئەوەی لە پۆستێکی باڵادابی و خاوەن دەسەڵاتبی، ڕۆڵی کەسایەتییەکی مەزن و کارێزمات پێدەبەخشێ. 

ئەم مافە! تاک چەندە کار بۆ بونیادنانی بکات، ئەوەندەش بەرهەمی لێ وەردەگرێت و، بێ ماندووبوون دەبێتە ئەزموونێکی ئەخلاقیی تەواو دروست لە ژیانیدا. 

کەرامەت! پێوەری سەرەکیی هەڵسەنگاندنی مرۆڤبوونە، چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم مافە پێویستی بە متمانەبەخۆبوون و دانبەخۆداگرتن و خۆبەدەستەوەنەدانە بەرامبەر تەواوی ئارەزووە کەسییەکان. 

پێویستە تاک بەردەوام ئامادەی گەورەکردن و بەهێزکردنی کەسایەتی و کەرامەتی خۆیبێ و، نەهێڵێت ئارەزووە لاوەکییەکان و مامەڵە چەوتەکان کار لە بچووککردنەوەو شکانی بکەن، چونکە شکاندنی کەرامەت بێبەهایی مرۆڤ بە چواردەورو کۆمەڵگا نیشاندەدات، ڕێزی کەمدەکاتەوەو، چاوەکان بە نەنگیی لێی دەڕوانن، بۆیە تاک بەرپرسیارە لە پاراستنی ئەم چەمکە مرۆییە. 

کەرامەت نانی حەڵاڵ و ئازادی و یەکسانیت بۆ فەراهەم دەکات، توێژی سەر ناڕاستییەکان دادەماڵێت، سوکایەتی و سنووربەزاندن و ئیسغلالکردنت لێ دووردەخاتەوە، هێزو شکۆت پێدەبەخشێت و ناهێڵێت تووشی زەلیلبوون بیت. 

دۆڕاندنی کەسایەتیی لە هەموو بەها مرۆییەکان دوورتدەخاتەوەو، تووشی جۆرێک لە داپشکاویی ویژدان و هەست و نەستت دەکاتەوە، بەرەو هەڵدێرو ئاوەژووبوونەوەو داڕووخانت دەبات، ئەم داڕووخانەش هیچ فریادڕەسێک دادی نادات. 

ژیان بە کەرامەت و کەسایەتییەوە چێژی هەیە، واتلێدەکات شانازی بە خۆتەوە بکەیت و، کردارو پەیوەندییە نەرێنییەکان بۆ شکاندنی ڕەتکەیتەوە.