بۆ جاری سێیەم تۆمارکردنی ناوی پارت و هاوپەیمانیێتییەکان درێژ کرایەوە
4 کاتژمێر پێش ئێستا
54 جار خوێنراوەتەوە
جارێکی دیکە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، تۆمارکردنی ناوی پارت و هاوپەیمانێتییەکانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق درێژکردەوە.
جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران درێژکردنەوەی ماوەی تۆمارکردنی هاوپەیمانێتی و پارتە سیاسیەکانی تاوەکو رۆژی 22ی ئەم مانگە درێژکردەوە و فەرمانگەی کاروباری پارت و رێکخراوەکان سیاسییەکان پابەندکراوە، کە رێکاری پێویست بگرێتەبەر.
کۆمیسیۆن لە 15ـی نیسانەوە دەرگای تۆمارکردنی پارت، هاوپەیمانێتی و لیستە سەربەخۆکانی کردەوە؛ گوتەبێژی کۆمیسیۆن گوتی، ئەم سێیەمین جارە ئەنجوومەنی کۆمیسیاران تۆمارکردنی هاوپەیمانێتی و پارتە سیاسیەکان درێژدەکاتەوە.
سبەی 20ـی 5ـی 2025 دوا وادەبوو بۆ تۆمارکردنی ناوی لیستە هاوپەیمانییەکان، بەڵام کۆمیسیۆن وادەکەی دوو رۆژی دیکە درێژ کردەوە.
چوارشەممە 14ـی 5ـی 2025 جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رایگەیاند، "106 حیزب، 7 هاوپەیمانی و 10 لیست خواستی خۆیان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەربڕیوە."
بە گوێرەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ی تشرینی دووەمی 2025 دەکرێت.
|