پێشەوا هەورامانی: فشارێکی زۆر لەسەر داهاتی ناوخۆ هەیە

1     کاتژمێر پێش ئێستا  35 جار خوێنراوەتەوە

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، حکومەتی هەرێم دەیەوێت هاوکاری حکومەتی عێراق بێت بۆ دەرچوون لەو قەیرانە داراییەی لە ئەنجامی شەڕ لەناوچەکە تووشی بووە، دەشڵێت، ئامانج لە پڕۆژەی رووناکی ئەوەیە کە هاووڵاتیان بە پارەی کەم کارەبای 24 کاتژمێریییان هەبێت.

پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێم دوای کۆتایی هاتنی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند: “ئێمە دەمانەوێت کێشەکان لە گەڵ بەغدا چارەسەر بکەین”.

باسی لەوەشکرد لەسەر پێشنیازی حکومەتی هەرێم، لیژنەیەکی باڵا بۆ چارەسەری کێشەکان پێکدەهێندرێت و بەغداش پێشوازی لەمە دەکات.

“کۆمپانیا نەوتییەکان خواستی ئەوەیا هەیەن دەست بە بەرهەمهێنانەوەی نەوت بکەنەوە و حکومەتی هەرێمیش دەیەوێت هاوکاری حکومەتی عێراق بێت بۆ دەرچوون لەو قەیرانە داراییەی لە ئەنجامی شەڕ لەناوچەکە تووشی بووە”، پێشەوا هەورامانی وای وت.

پێشەوا هەورامانی ئەوەشی خستەڕوو: پاڵپشتی حکومەتی فیدڕاڵ دەکەین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و تێپەڕاندنی قەیرانەکە.

دەشڵێت: حکومەتی هەرێمی کوردستان دژی سیستمی ئەسیکۆدا نییە و پێویستبوو حکومەتی هەرێم هاوشێوەی ناوچەکانی تری عێراق زوو لە سیستمی ئەسیکۆدا ئاگادار بکرایە بۆ ئەوەی زووتر ئامادەکاری بکردایە.

ئەوەشی وت: لەبارەی نەوتەوە نزیکین لە رێککەوتن، کۆمپانیا نەوتییەکان داوای گەرەنتی ئەمنی دەکەن بۆ ئەوەی دەست بەکارکردن بکەنەوە.

وتەبێژی حکومەتی هەرێم راشیگەیاند: لە پرسی کارەبادا بابەتی غاز رۆڵی کاریگەری هەیە، زۆربەی کات کێشەی تەکنیکی لەسەر ئەو بابەتە کاریگەی دەبێت.

لە بارەی کارەبای 24 کاتژمێری وتی: ئامانجمان لە پڕۆژەی رووناکی ئەوەیە کە هاووڵاتیان بە پارەی کەم کارەبای 24 کاتژمێریییان هەبێت.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە