" کارنامەکەی عەلی زەیدی، هەرێمی کوردستانی پەراوێزخستووە"
2 کاتژمێر پێش ئێستا
34 جار خوێنراوەتەوە
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، باسی هەرێمی کورستان لە کارنامەکەی عەلی زەیدی، پەراوێزخراو و ناڕوونە و خاڵی دژ بە یەکدیشی تێدایە. لەبارەی سەردانەکەشیان لەگەڵ یەکێتی و نەوەی نوێ بۆ لای چوارچێوەی هەماهەنگی رایگەیاند، هەڵەیەک بووە و بە سەریاندا تێپەڕیوە و داوای لێبووردن دەکەن.
موسەننا ئەمین، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە رووداوی رایگەیاند: "دوای ئەوەی زانیمان یەكێتی دەیەوێ وەزارەتێک بۆ نەوەی نوێ وەربگرێ، وەک یەکگرتوو، هەڵوێست و كۆمەڵ، لە بەغدا چووینە لای بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی و پێمان گوت ئێمە خاوەنی 10 كورسین و نەوەی نوێ سێ كورسی هەیە؛ بۆیە وەزارەت شایستەی ئێمەیە، نەوەک نەوەی نوێ."
لەبارەی سەردانی شاندەکەیان لەگەڵ یەکێتی و نەوەی نوێ بۆ لای نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، موسەننا ئەمین رایگەیاند: "ئێمە یەکێتی بە نوێنەری خۆمان نازانین و وا رێکەوت شاندەکەی ئێمە و یەکێتی پێکەوە لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆببنەوە، بەڵام ئەوەی روویدا هەڵەیەک بوو و داوای لێبووردن دەکەین."
لەبارەی وەرگرتنی وەزارەتیش ئاماژەی بەوەشکرد، نووری مالیکی بە شاندەکەیانی گوتوە، بە گوێرەی ئەو بنەمایانەی دانراون، 10 کورسی مافی وەرگرتنی وەزارەتێکی هەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا یەکلایی نەبووەتەوە ئایا ئەوان وەک یەکگرتوو، هەڵوێست و کۆمەڵ وەزارەتێک وەردەگرن یان نا.
لەبارەی کارنامەکەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراوی عێراق، د. موسەننا ئەمین وتی: "کارنامەکە زیاتر هێڵی گشتی کارکردنە نەک بەرنامەی حکومەت، باسی هەرێمی کوردستانیشی زۆر کەم تێدایە و ئەوەشی هەیە، پاراوێزخراو و ناڕوونە."
موسەننا ئەمین ئاشکراشیکرد: "کارنامەکە خاڵی دژ بەیەکی تێدایە، بەو پێیەی لە دۆسیەی داماڵینی چەک لەدەستی گرووپە چەکدارەکان، لە لایەک باسی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت دەکات، لە لایەکیش باسی بەهێزکردنی حەشدی شەعبی دەکات، لە کاتێکدا ئەو گرووپە چەکدارانە لە پەراوێزی حەشدی شەعبیدا پاڵپشتی دارایی و سەربازیی دەکرێن."
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق باسی لەوەشکرد کە "لیژنەیەکی 14 کەسی پێکهێنراوە بۆ دوو ئامانج. یەکێکیان دانانی کارنامەیەکە بۆ چوار ساڵی داهاتووی پەرلەمانی عێراق، دووەمیشیان بۆ هەڵسەنگاندنی کارنامەی حکومەت."
موسەننا ئەمین ئەوەشی راگەیاند: "لیژنەکە ژمارەیەک پەرلەمانتار لەخۆ دەگرێ کە جگە لە من، دوو کوردی دیکەشی تێدایە کە هەریەکە لە د. شاخەوان عەبدوڵلا و هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پارتی و یەکێتین لە پەرلەمانی عێراق."
ئاماژەی بەوەشکرد: "بەرژەوەندییەکانی کورد لە بەغدا حیزبی نین، بەڵکو دەبێت پرسی مووچە بە یەکجاریی چارەسەر بکرێ و داواکارییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بۆ چارەسەری پرسی مووچە جیدی بن."
|