6ی ئایار یەکەم کاروانی هاووڵاتیان بۆ حەج بەڕێ دەکەون
1 کاتژمێر پێش ئێستا
34 جار خوێنراوەتەوە
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان دەڵێ، لە رۆژی 6ی مانگی داهاتووەوە چوون بۆ سعودیە بە مەبەستی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج دەستپێدەکات و لە چوار رۆژدا سەرجەم ئەو کەسانەی دەچنە حەج بۆ سعودیە بەڕێ دەکەون.
کاروان ستوونی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، بە میدیاکانی راگەیاند، ئەم ساڵ 5120 کەس لە هەرێمی کوردستانەوە دەچنە حەج؛ ئاماژەی بەوەشکرد، رۆژی 6ـی ئایار یەکەم کاروان لە هەولێرەوە بەڕێ دەکەوێ و تاوەکو 10ـی ئایار سەرجەم کاروانەکان بەڕێ دەکەون.
لەبارەی گەڕاندنەوەی پارە بۆ حاجیان بەهۆی ئەوەی لەبری فڕۆکە بە پاس دەچنە سعودیە، کاروان ستوونی وتی: "عێراق گرێبەستی فڕۆکەکانی کردووە و نازانین بۆ هەر کەسێک چەندی داناوە، بۆیە کە حاجییان گەڕانەوە لیژنەیەک پێک دەهێندرێ و جیاوازی پارەکە چەندبوو دەیاندەینەوە."
ئاماژەی بەوەشکرد، "زۆرینەی پاسەکان لە عێراقەوە دابینکراون. سەرجەمیشیان پشکنینیان بۆ کراوە و لە پشکنین دەرچوون. هەر حاجییەک دوو کورسی هەیە لە پاسەکان. لەنێو پاسەکەشدا خواردن و خواردنەوەیان بۆ دابین دەکرێت."
سەبارەت بە شێوازی هێنانەوەی کەلوپەلی حاجییان، کاروانی ستوونی وتی، "گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیایەکی خۆماڵی کراوە بۆ هێنانەوەی کەل و پەلی حاجییان، بۆ هەر شلیفێک 25 هەزار دینار وەردەگرن، بەڵام حاجی دەتوانێت ئەو پارەیەش نەدا بەو پاسەی پێی دێتەوە شتەکان بهێنێتەوە ئەگەر جێی ببێتەوە. لە حەجیش سێ ژەمە خواردنی بێ بەرامبەر دەدرێتە حاجییان. سێ شێفی کورد خواردن ئامادە دەکەن."
ئەم ساڵ ئەو کەسانەی دەچنە حەج بڕی دوو هەزار دۆلاریان بە نرخی فەرمی پێ دەدرێت و دەتوانن لە بانک پارەکە لە هەفتەی داهاتوودا وەربگرن.
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێم دەڵێ، "ئەم ساڵ نزیکەی هەزار کەس یەدەگ بوون بۆ حەجی ساڵی داهاتوو و ئەمانە بەبێ تیروپشک دەچنە حەج. ئەگەر یەکێک لەم یەدەگانە مردبێت، دەتوانێت کەسی پلە یەکی لەجێی بچێت. ئەو کەسانەش ئەم ساڵ ناویان دەرنەچووە، بۆ حەجی ساڵی داهاتوو دەبێت ناو بنووسنەوە کە چانسیان زیاترە چونکە هەرکەسێک بەو شێوەیەبێت خاڵێکی بۆ دەنووسرێت تا خاڵی زیاترت هەبێ چانست زیاتر دەبێت."
|