کارزان مەحموود لە هۆڵیوود کاندیدی خەڵاتێکی میوزیکییە
2025-02-07
79 جار خوێنراوەتەوە
کارزان مەحموود، ناوێکی دیاری جیهانی میوزیکە لە نێو کورد دا و ئێستا هەنگاوەکانی بەرەو ئاستێکی نێودەوڵەتین و زیاتر سەرقاڵی دانانی میوزیکی فیلمە، بەهۆیەوە بەربژێری خەڵاتی میوزیکی هۆڵیوود لە بواری میدیادا کراوە.
ئەو ئاوازدانەرە کوردە میوزیکی بۆ فیلمی "تۆوی هەنجیری پیرۆز - The Seed of the Sacred Fig" ئامادەکردووە، بەهۆیەوە بەربژێری خەڵاتە میوزیکییەکە کراوە، پێشتر هونەرمەندانی دیاری جیهان ئەو خەڵاتەیان بەدەستهێناوە، لەوانەش ئێڵتن جۆن، گۆرانیبێژ و ئاوازدانەری بەریتانی و هانس زیمەر، ئاوازدانەری ئەڵمانی.
فیلمەکە لە دەرهێنانی محەممەد رەسووڵۆف، دەرهێنەری ئێرانییە و بەناوی ئەڵمانیایەوە بۆ ئۆسکاری باشترین فیلم لە بەشی نێودەوڵەتیدا بەربژێرکراوە.
"تۆوی هەنجیری پیرۆز" بەربژێری خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب بووە، هەروەها بەربژیری خەڵاتی بافتای بەریتانیایە کە بڕیارە خەڵاتەکانی لە 16ـی شوباتی 2025 رابگەیێندرێن، پێشتر خەڵاتی لیژنەی دادوەریی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کانی بردووەتەوە، بە گشتی بەربژێری 59 خەڵاتە و 29ـی بەدەستهێناوە.
کارزان محەمموود، ئاوازدانەری کورد، لەبارەی خەڵاتکردن و بەربژێرکردنی "تۆوی هەنجیری پیرۆز" بۆ چەندین خەڵاتی جیهانی، گوتی، فیلمێکی باشە و زۆر بە باشی دروستکراوە، دەرهێنەرەکەی زۆر بە باشی کاری تێدا کردووە، ئەکتەرەکان زۆر بە باشی رۆڵیان گێڕاوە، لەگەڵ ئەوەش پەیامێکی مرۆڤانە و سیاسیی لەخۆدەگرێت، زۆر سەردەمیانەیە و باسی ئێستای ئێران دەکات.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، هەموو ئەوەی لە رووی سیاسییەوە لە ئێران روودەدات؛ لە فیلمەکەدا لە نێو خێزانێکدا کۆکراوەتەوە و نووسەر و دەرهێنەر زۆر بە جوانی ئامانجەکەی پێکاوە. لەبەر ئەوەش لە هەموو جیهاندا تیشکی خراوەتە سەر.
لەبارەی میوزیکی فیلمەکە گوتی، نابێت هونەرمەند بیر لەوە بکاتەوە هونەرەکەی بەرەو کوێی دەبات، چونکە خۆی دەیبات بە هەموو شوێنێک کە کارەکانی شایەنیەتی. گوتیشی، لەگەڵ دەرهێنەری فیلمەکە محەممەد رەسووڵۆف پەیوەندی زۆر باشی هەیە، کاتێک کاری بۆ فیلمەکە کردووە، بیریان لەوە نەکردووەتەوە فیلمەکە بە کوێ دەگات.
هونەرمەند لە ستۆکهۆڵمی سوێدەوە میوانی بەرنامەکە بوو و روونیکردەوە، خۆشەویستی مرۆڤ بۆ کارەکەی دەیگەیێنێت بەو شوێنەی، رۆژێک لە رۆژان بیری لێنەکردووەتەوە.
خەڵاتی میوزیکی هۆڵیوود لە بواری میدیا بە (HMMA) دەناسرێت و لە 2009 راگەیێندراوە، دەبەخشرێتە باشترین میوزیکی فیلم، بەڵگەفیلم، بەرهەمی تەلەڤزیۆنی، یاریی ڤیدیۆیی، ریکلام و ڤیدیۆکلیپ، لە کۆتایی تشرینی دووەمی 2025 خەڵاتەکانی رادەگەیندرێن.
|