بایرن میونشن گورزێکی کوشندەی بەرکەوت و هاری کەین کەوتەوە

2   کاتژمێر پێش ئێستا  46 جار خوێنراوەتەوە

یانەی بایرن میونشن، گورزێکی کوشندەی بەرکەوت، پاشئەوەی هاری کەینی گۆڵکاری یانەکە، دووچاری دڕانی ماسوولکەی بەستەری سەرە پێی بووەوە. سەرچاوەکان دەڵێن ئەو یاریزانە چەند مانگێک لە یاریگاکان دووردەکەوێتەوە.

هەواڵی پێکرانە قورسەکەی هاری کەین، هاوکاتە لەگەڵ پێکرانی مایکڵ ئۆلیسێی هێرشبەری باڵی هەمان یانە، کە دوێنێ شەو بەناچاری یاریگای بەجێهێشت، کاتێک یانەکەی میوانداریی کۆڵنی کرد.

لە ئالیانز ئەرێنا، بایرن میونشن لە دەستپێکی گەڕی دەیەمی بۆندێسلیگا، رووبەڕووی کۆڵن بووەوە، جیا لە دەستدانی دوو خاڵی یارییەکە، یانەی خاوەن ماڵ، دوو ئەستێرەی کاریگەری لەدەستدا.

تۆڕی 'سکای سپۆرت ئەڵمانیا' لە زاری ماکس ئێبرلی بەڕێوەبەری وەرزشیی یانە باڤارییەکەی گواستەوە کە کەین دووچاری دڕانی بەستەری سەرەپێی بووە، بەوەش بۆ ماوەیەکی درێژ لە یاریگاکان دووردەکەوێتەوە.

کەین لە خولی 15ی یارییەکە و لەدوای بەرکەوتنی لەگەڵ جویل شمیدی یاریزانی کۆڵن، بەناچاری یاریگای بەجێهێشت.

ئەگەرچی دوای بەریەککەوتنەکە، کەین هەوڵیدا درێژە بەیارییکردن بدات، بەڵام نەیتوانی و تۆم بیشۆڤ شوێنی ئەوی لە پێکهاتەی بایرندا گرتەوە.

بێرل وتوویەتی، لانیکەم کەین ماوەی سێ مانگ لە یاریگاکان دووردەکەوێتەوە، لە کاتێکدا ڤینسینت کۆمپانی راهێنەری یانەکە رایگەیاندووە، دوورکەوتنەوەی کەین، چەند مانگێک دەخایەنێت.

کێشەکانی بایرن لە یارییەکەدا، هەر ئەوەندە نەبوون، بەڵکو مایکڵ ئۆلیسێش بەهەمان شێوە لە گێمی یەکەمی یارییەکەدا دووچاری پێکانبوو، لە پشووی نێوان هەردوو گێمدا، نەهاتەوە نێو یاریگا و تیم بیندەر شوێنی ئەوی گرتەوە.

ئۆلیسی بەپشتبەستن بەدارشەقە یاریگای بەجێهێشت، لە کاتێکدا ترسی زۆر لەوە هەیە، ئەویش تووشی پێکانی قورس بووبێت.

کۆمپانی دوای یارییەکە رایگەیاندووە، لەپێناو پاراستنی ئەو یاریزانەدا و بۆ خۆپاراستن لە خراپبوونی دۆخی، ئەوی بردووەتە دەرەوەی یاریگا، هیوای خواست هێرشبەرە فەرەنسییەکە، رۆژی دووشەممە توانای یارییکردنی هەبێت.

بایرن میونشن، تاوەکو ئێستا دەستنیشانی جۆری پێکانەکەی ئۆلیسێی نەکردووە، چاوەڕێی پشکنینی زیاترە، بۆ دەستنیشانکردنی جۆری پێکانەکەی.

بایرن میونشن کێشەی گەورەی لەگەڵ پێکرانی یاریزانەکانی هەیە، پێشتر بەهۆی پێکانەوە تواناکانی هەریەکە لە لویس دیاز، سێرج گنابری و ئیسماعیل سیباری لەدەستداوە. ئەمە جیا لە دوورکەوتنەوەی هەریەکە لە مانوێل نۆیەری گۆڵپارێز و کاپتن و ئەلفۆنسۆ دەیڤزی بەرگریکاری باڵ.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە