فێران تۆرێس: بارسێلۆنا دەبێت بیسەلمێنێت منی دەوێت

1     کاتژمێر پێش ئێستا  22 جار خوێنراوەتەوە

فێران تۆرێسی هێرشبەری ئیسپانی و یانەی بارسێلۆنا، تۆپەکە دەخاتە گۆڕەپانی یانەکەی و رایدەگەیێنێت، داهاتووی لە کامپ نو بەندە بە ئارەزووی یانەکە بۆ هێشتنەوەی، دوایین بڕیاریش لەسەر نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی دوای گفتوگۆکان دەبێت.

فێران تۆرێس، هێرشبەری یانەی بارسێلۆنا لە کاتی گەشتی یانەکەی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیایەکی ئەو وڵاتە پەردەی لەسەر داهاتووی لادا.

ئەم یاریزانە تەمەن 26 ساڵە، زۆر بە ئارامی باسی دۆخی خۆی دەکات و دەڵێت "بارسێلۆنا دەبێت بیسەلمێنێت منی دەوێت. ئەوان دەتوانن بێن و دانوستان بکەن، لە کۆتاییشدا هەموو شتێک تاوتوێ دەکرێت".

سەبارەت بە دەنگۆی گرنگیدانی چەند یانەیەکی گەورەی ئەورووپا و بە تایبەت پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، تۆرێس پێیوایە ئەم سەرنجانە لە بەرژەوەندی ئەودایە و دەڵێت "هەرکاتێک ئەم یانانە تۆیان بوێت، ئەوە شتێکی باشە".

ئەم هێرشبەرە ئیسپانییە لەو بڕوایەدا بوونی گرێبەستەکەی وای لێدەکات بێ گوشار بیر لە داهاتوو بکاتەوە، چونکە هێشتا کاتی ماوە و دەتوانێت خۆی بڕیاری کۆتایی لەسەر داهاتووی بدات.

تۆرێس پێشتر لە پرێمەرلیگەوە لە یانەی مانچێستەر سیتی رووی لە لالیگا کرد و دەیەوێت پێگەی خۆی لە پێکهاتەی سەرەکی یانە کەتەلۆنییەکەدا جێگیر بکات.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە