ئێمباپێ کێشە لەنێوان ریال مەدرید و فەرەنسا دروست دەکات
2 کاتژمێر پێش ئێستا
34 جار خوێنراوەتەوە
قەیرانێک لەنێوان یانەی ریال مەدرید و فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەرەنسا خەریکە سەرهەڵدەدات بەهۆی کیلیان ئێمباپێیە؛ ئەمەش بەهۆی هەوڵە چڕەکانی یاریزانەکەیە بۆ چاکبوونەوە لە پێکانەکەی و بەشداریکردن لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر مانچێستەر سیتی، و دواتریش رووبەڕووبوونەوەی ئاتلێتیکۆ مەدرید لە دێربیی پایتەخت لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ. ئەمانە یاریی چارەنووسسازن بۆ یانەکە و یاریزانەکە پێش دەستپێکردنی پشووی نێودەوڵەتی لە 23ـی ئازاردا.
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی ئاماژەی بەوە کردووە کە دێدێ دیشامپ، راهێنەری هەڵبژاردەی فەرەنسا، بەنیازی بانگهێشتکردنی هێرشبەرەکەی ریال مەدریدە بۆ ئەم ماوە نێودەوڵەتییە، کە گرنگییەکی یەکجار زۆری بۆ فیدراسیۆنی فەرەنسا هەیە و بڕیارە لەم ماوەیەدا دوو یاریی دۆستانە ئەنجام بدرێت؛ یەکەمیان بەرامبەر بەرازیل لە یاریگای جیلیت ستادیۆم لە بۆستن، و دووەمیان دوای سێ رۆژ، بەدیاریکراوی لە 29ـی ئادار بەرامبەر کۆڵۆمبیا لە یاریگای نۆرس وێست ستادیۆم لە واشنتۆن.
یارییە چاوەڕوانکراوەکەی بەرامبەر بەرازیل بەستراوەتەوە بە زنجیرەیەک چالاکی بازرگانیی ئەو براندە وەرزشییەی 'نایکی' کە سپۆنسەری هەردوو هەڵبژاردەکە دەکات، بەتایبەت کە تەنیا چەند مانگێکی کەم ماوە بۆ میوانداریکردنی مۆندیال لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە. ئێمباپێ قورساییەکی بازرگانی گەورەی لەم چالاکییانەدا هەیە، و ئەگەر بەهۆی پێکانەوە لەو دوو یارییە داببڕێت، قەیرانەکە تەقینەوە بەخۆیەوە دەبینێت.
رۆژنامە ئیسپانییەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە لەوانەیە ریال مەدرید رەزامەندی نەدات بە پەیوەندیکردنی ئێمباپێ بە هەڵبژاردەی فەرەنساوە، ئەگەر راپۆرتێکی پزیشکییان هەبێت کە پێکانی ئەژنۆی بسەلمێنێت، ئەمەش 10 تۆژی پێ دەدات بۆ بەردەوامبوون لە پڕۆسەی چاکبوونەوە لە ناو مەدریددا.
یاساکانی فیفا سەبارەت بە گواستنەوەی یاریزانان دەڵێت "یانەکان ناچارن رێگە بە رۆیشتنی بە یاریزانە تۆمارکراوەکانیان بۆ ریزی هەڵبژاردە نیشتمانییەکان بدەن، ئەگەر بانگهێشت بکرێن، و هەر رێککەوتنێکی پێچەوانە لەنێوان یاریزان و یانەدا قەدەخەیە". هەروەها یاساکان ئاماژە بەوە دەکەن کە "رێەگدان بە یاریزان ناچارییە بۆ ئەو یارییانەی لە ئەجێندای نێودەوڵەتیدا تۆمارکراون"، ئەمەش بەسەر یەکەم ماوەی نێودەوڵەتی ئەمساڵدا جێبەجێ دەبێت.
سەدان نموونەی پێشوو هەن کە جەخت لە توانای یانەکان دەکەنەوە بۆ رێگریگرتن لە پەیوەندیکردنی یاریزانەکانیان بە هەڵبژاردەکانەوە، ئەگەر پێکانەکەیان بە راپۆرتی پزیشکی بسەلمێنرێت.
سەرەڕای ئەوەش، فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەرەنسا مافی ئەوەی هەیە داوا لە ئێمباپێ بکات ئامادەی بنکەی کلێرفۆنتین بێت بۆ ئەنجامدانی پشکنینی پزیشکی لەژێر سەرپەرشتی پزیشکانی فیدراسیۆنەکەدا. بەگوێرەی خاڵی چوارەمی پاشکۆی یاساکانی فیفا؛ ئەو یاریزانەی ناتوانێت وەڵامی بانگهێشتەکە بداتەوە بەهۆی پێکان یان نەخۆشییەوە، دەبێت 'ئەگەر فیدراسیۆن داوای کرد' لەلایەن پزیشکێکەوە کە فیدراسیۆنەکە دەستنیشانی دەکات پشکنینی بۆ بکرێت.
زانیارییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە بەشدارینەکردنی ئێمباپێ لە یارییەکانی هەفتەی داهاتوودا دەرگا بەڕووی کێشەیەکی گەورە و ئاڵۆزدا دەکاتەوە، ئەمەش هۆکاری ئەو هەوڵە خێرایەی هێرشبەرە فەرەنسییەکەیە بۆ گەڕانەوە بۆ یاریگاکان تاوەکو ئامادەیی خۆی بسەلمێنێت و پاساو بۆ پەیوەندیکردنی بە کەمپی کەڵەشێرەکانەوە بهێنێتەوە.
|