چاڤی: من بناغەی تیپەکەی فلیکم داناوە

2   کاتژمێر پێش ئێستا  36 جار خوێنراوەتەوە

چاڤی هێرناندێز، راهێنەری پێشووی بارسێلۆنا باس لە دۆخی تیپی تۆپی پێی یانەکە و پەیوەندییەکەی لەگەڵ هانزی فلیک دەکات و دەڵێت "من بناخەی تیپەکەم داناوە".
 
چاڤی لە نوێترین دەرکەوتنیدا لەبارەی کۆمەڵێک پرسی جیاوازەوە قسەیکرد، یەکێک لەو بابەتانە تیپی تۆپی پێی یانەکە بوو و چاوی پەردەی لەسەر چەند نهێنییەک هەڵدایەوە."
 
سەبارەت بەوەی ئایا تیپەکەی فلیکی بەدڵە، چاڤی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی 'La Vanguardia'ـی ئیسپانی وتی" زۆر، تیپەکە هێرشبەرییە و هاندەرانی بارسێلۆنا چێژ دەبینن، من دڵخۆشم، چونکە پێموایە بنچینەیەکی زۆر باشمان داناوە بۆ ئەوەی ئەم پڕۆژەیە بەردەوام بێت".
 
لە درێژەی قسەکانیدا چاڤی گوتی "بڕبڕەی پشتی تیپەکە لە لامین یامال، پێدری، باڵدێ، کوبارسی و فێرمین پێکدێت، ئەوانە ئەو یاریزانانەن کە ئێمە گرەومان لەسەر کردن، ئەمە ئەو میراتەیە کە شانازی پێوە دەکەم، لەگەڵ ئەو دوو نازناوەی کە بەدەستمان هێنا".
 
سەبارەت بە پەیوەندییەکەی لەگەڵ فلیک، چاڤی دەڵێت " پەیوەندییەکەمان نایابە، بەردەوام نامە دەگۆڕینەوە، هەمیشە پیرۆزبایی سەرکەوتنەکانی تیپەکەی لێدەکەم و باسی تۆپی پێ دەکەین، جارێکیان بەهۆی بارودۆخێکی سەختەوە هاتە ماڵەکەم، ئەمەش خاڵێکی ئەرێنییە بۆ ئەو".
 
سەبارەت بە وردەکارییەکانی ئەو بارودۆخە، چاڤی ئاشکرای کرد "فلیک هات بۆ ئەوەی داوای لێبووردن بکات، چونکە من لێم پرسی بوو ئایا یانەکە بەڕاستی قسەی لەگەڵ کردووە، لە کاتێکدا من هێشتا راهێنەر بووم، لە ماوەی دوو یان سێ هەفتەدا یانەکە بڕیاری دابوو دەستبەردارم بێت، بێ ئەوەی کەس بە شێوەیەکی راستەوخۆ پێم بڵێت".
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا چاڤی وتی "داوای لێبووردنی کرد و زیاتر لە دوو کاژێر قسەمان کرد، شتێکی نایاب بوو. یانەکە داوای لێکردبوو هیچم پێ نەڵێت، بۆیە هاتە ماڵەکەم بۆ داوای لێبووردن. ئەو کەسێکی میهرەبان و بەڕێزە،  من دڵخۆشم کە کارەکان بۆ ئەو بە باشی بەڕێوەدەچن".
 
بەو شێوەیە، چاڤی هێرناندێز کۆتایی بەو دەنگۆیانە هێنا کە باسیان لە هەبوونی ناکۆکی لە نێوان ئەو و فلیکدا دەکرد، سەلماندی کە بەرژەوەندی بارسێلۆنا لای ئەو لە سەروو هەموو شتێکەوەیە، چونکە ئەو بنچینەیەی ئەو دایڕشتبوو، ئێستا لەژێر دەستی فلیکدا بەرەو لووتکە هەنگاو دەنێت.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە