نیکۆ ویلیامز لە بارسێلۆنایە
4 کاتژمێر پێش ئێستا
38 جار خوێنراوەتەوە
سەرچاوە رۆژنامەوانییەکانی کەتەلۆنیا ئاشکرایانکردووە، نیکۆ ویلیامزی ئەستێرەی ئاتلێتیک بیلباو، هەنگاوی کردەنی بۆ پەیوەندیکردن بەیانەی بارسێلۆناوە ناوە.
سەرچاوەکان دووپاتیدەکەنەوە، ئەو هێرشبەرە ئیسپانییە، پاش زۆربوونی دەنگۆکانی رێکەوتنی بەڕێوەبەری کارەکانی لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا، هەنگاو دەنێت بۆچوونە شاری بارسێلۆنا و لەوێ بەشوێن خانوودا دەگەڕێت.
لەچەند رۆژی رابردوودا، بارسێلۆنا هەوڵەکانی بۆ کۆتایی هێنان بەگرێبەستکردن لەگەڵ ئەو هێرشبەرە لاوە چڕکردووەتەوە. سەرچاوەکان دەڵێن، بارسێلۆنا ئامادەیە بڕی 58 ملیۆن یۆرۆی مەرجی سزایی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی ئەو یاریزانە بدات و پێشبینیکراوە رۆژی یەکی مانگی داهاتوو گرێبەستەکە ئاشکرا بکرێت.
پێشتر، خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا، لەبەردەم ئەنجوومەنی پیرانی بارسێلۆنادا کە دەستەیەکی راوێژکارییە، رایگەیاندبوو یانەکەی نزیکە لە گرێبەستکردن لەگەڵ نیکۆ ویلیامز.
سەرچاوەکان دەڵێن، ویلیامزلە کاتێکی دواتردا پەیوەندی بەمەشقەکانی بارسێلۆناوە دەکات، لەبەرئەوەی بەشداریی لە نەیشنسلیگدا کردووە لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا، لە کاتێکدا بارسا دەیەوێت ئەو یاریزانە بەر لە پەیوەندیکردنەوە بەمەشقەکانی ئاتلێتیک بیلباو، گرێبەستەکەی رابگەیێنێت.
میدیای کەتەلۆنیای دەڵێن، نیکۆ ویلیامز دوای ئەوەی لەلایەن بەڕێوەبەری کارەکانییەوە ئاگادارکراوەتەوە لەوەی دانوستاندنەکان لەگەڵ بارسێلۆنا بەخێرایی بەڕێوەدەچن، دەستیکردووە بەگەڕان بەدوای خانوویەکدا لە بارسێلۆنا.
پێشتر دیکۆی بەڕێوەبەری وەرزشیی بارسێلۆنا رایگەیاندبوو پێشینەی گواستنەوەی هاوینەی یانەکەی، بەدەستهێنانی گۆڵپارێزێک و هێرشبەرێکی لاباڵ دەبێت.
بارسێلۆنا لە دوو رۆژی رابردوودا، گرێبەستکردنی لەگەڵ خوان گارسیای گۆڵپارێزی ئیسپانیۆل راگەیاند. لەکاتێکدا یانەکە هەوڵیدەدا تواناکانی لویس دیازی هێرشبەری لیڤەرپوول بەدەست بهێنێت، بەڵام یانەکەی سوورە لەسەر دەستپێوەگرتنی ئەو هێرشبەرە.
|