دوای بردنەوەی چامپیۆنزلیگ، پاریس سانجێرمان چەند پارە وەردەگرێت؟
2025-06-02
124 جار خوێنراوەتەوە
یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، دوای بردنەوەی نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا، خەڵاتێکی دارایی وەردەگرێت کە پێشتر نەدراوەتە هیچ پاڵەوانێکی ئەورووپا.
پاریس سانجێرمان لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگی ئەم وەرزەدا بە 5-0 سەرکەوتنی بەرامبەر یانەی ئینتەرمیلان بەدەستهێنا و بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپای بردەوە، بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، یانە فەرەنسییەکە 25 ملیۆن یۆرۆ وەکو خەڵاتی دارایی بەدەستهێنانی چامپیۆنزلیگ وەردەگرێت، لەکاتێکدا پێشتر 20 ملیۆن یۆرۆ خەڵاتی دارایی پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ بوو.
ئەمساڵ خەڵاتی دارایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا بۆ 44 ملیۆن یۆرۆ بەرزکراوەتەوە، لەکاتێکدا ژمارەی یانەکان لە 32 یانە کراوەتە 36 یانە و شێوازی بەڕێوەچوونیشی گۆڕدراوە.
یانەی ئینتەرمیلانی ئیتاڵی دووەمی چامپیۆنزلیگی ئەم وەرزەدا، 15 ملیۆن یۆرۆ وەکو خەڵاتی پلەی دووەم وەردەگرێت.
لە دوای بردنەوەی چامپیۆنزلیگی ئەم وەرزە، داهاتی یانەی پاریس سانجێرمان بەشێوەیەکی گشتی لە چامپیۆنزلیگی ئەم وەرزەدا بۆ 118.17 ملیۆن یۆرۆ و هی ئینتەرمیلان بۆ 115.17 ملیۆن یۆرۆ بەرزبووەوە.
یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی کە لە قۆناخی پێشکۆتاییدا کرایە دەرەوە، 115.17 ملیۆن یۆرۆی لەم وەرزەی چامپیۆنزلیگدا بەدەستهێنا، ئارسیناڵ 82.37 ملیۆن یۆرۆ، ئاستۆن ڤیلا 63.79 ملیۆن یۆرۆ، بۆرووسیا دۆرتموند 62.54 ملیۆن یۆرۆ، ریال مەدرید 62.27 ملیۆن یۆرۆ، بایرن میونشن 61.99 ملیۆن یۆرۆ، لیڤەرپوول 56.92 ملیۆن یۆرۆ و ئاتلێتیکۆ مەدرید 53.62 ملیۆن یۆرۆیان بەدەستهێناوە.
|