هەوکردنی پەردەی مێشک چییە و نیشانەکانی چین؟
18 خولەک پێش ئێستا
18 جار خوێنراوەتەوە
پزیشکێکی پسپڕی مندالان دەڵێت، هەوکرنی پەردەی مێشک بریتیە لە هەوکردنی ئەو پەردە پارێزەرەی، کە دەوری مێشک و دڕکەپەتکی داوە، دەشڵێت، زۆرترین کات هۆکاری ئەم جۆرە هەوکردنە ڤایرۆسە، بەڵام لە هەندێک باردا بەهۆی بەکتریاوە دەبێت و ئەگونجێت کاریگەری درێژخایەن بەجێبهێڵێت لەسەر کەسی توشبوو.
د. کەیوان حمە کەریم، پزیشکى پسپۆڕى منداڵان، لە نوسینێکدا ئاماژە بە نەخۆشى هەوکردنی پەردەی مێشک و هۆکارەکان و نیشانەکانى کەسى تووشبوو بە نەخۆشییەکە دەکات،
دەقى نوسینەکەى بەمجۆرەیە:-
هەوکرنی پەردەی مێشک بریتیە لە هەوکردنی ئەو پەردە پارێزەرەی، کە دەوری مێشک و دڕکەپەتکی داوە.
هۆکارەکانی توشبوون بە نەخۆشی هەوکردنی پەردەی مێشک ئەمانەن:-
یەکەم– هەوکردن بەهۆی بەکتریا یان ڤایرۆس و لە هەندێک باری دەگمەندا بەهۆی کەڕوەوە.
دووەم– هەوکردن بەهۆی هەندێک جۆری دەرمان وەک (دەرمانی ئازارشکێنی نا ستیرۆیدی و دەرمانی IVIG.
سێیەم– هەندێک نەخۆشی تێکچوونی بەرگری لەش.
چوارەم– نەخۆشی کاواساکی (Kawasaki disease).
پێنجەم– زۆرترین کات هۆکاری ئەم جۆرە هەوکردنە ڤایرۆسە سەلامەتە، بەڵام لە هەندێک باردا بەهۆی بەکتریاوە دەبێت و ئەگونجێت کاریگەری درێژخایەن بەجێبهێڵێت لەسەر کەسی توشبوو.
نیشانەکانی نەخۆشییەکە بەشێوەیەکی گشتی لە منداڵدا ئەمانەن:-
یەکەم– سەرئێشە، ڕەق بوونی مل، دڵ تێکچون، ڕشانەوە، تای بەرز، بێزاربوون لە ڕوناکی و دەنگەدەنگ، ئازاری جومگەکان و تێکچوونی بینین.
دووەم– لە منداڵانی خوار تەمەنی باخچەوە دەگونجێت تای بەرز، کەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن، بەرزبوونەوەی مەڵاشوو، بێهێزی و لاوازی، بیانووگرتنی زۆر، کەم بوونەوەی هۆشی منداڵەکە.
نیشانەکانى نەخۆشییەکە لە هەموو تەمەنەکاندا بەشێوەیەکى گشتى ئەمانەن:-
ئەگونجێت لە هەموو تەمەنێکدا کەسەکە توشی گەشکە، دەرکەوتنی هەندێک پەڵەی پێست، لاوازی زۆری ماسولکەکان و لەهۆش خۆچوون ببێت.
مەرج نیە کەسی تووشبوو هەموو ئەم نیشانانەی هەبێت، بەهەمان شێوە مەرج نیە هەر کەس ئەم نیشانانەی هەبوو توشبوو بێت بە نەخۆشی هەوکردنی پەردەی مێشک، بۆیە پێویستە پزیشکی پسپۆڕ بڕیار بدات لەسەر کەسەکان بەتایبەتی لە رێگەی پشکنینى تاقیگەى.
دەستنیشانکردنى نەخۆشیەکە چۆن دەبێت؟
بۆ گەشتن بە دەست نیشانکردنی نەخۆشیەکە پزیشکی پسپۆر بڕیار دەدات لەسەر هەندێک جۆری پشکنین لەوانە ش:-
یەکەم– پشکنینی خوێن وەک CBC و CRP و Blood culture لەگەڵ پشکنینی تایبەتی دەرهێنانی ئاوی پشت) Lumbar Puncture).
دووەم– پشکنینی تیشکی وەک CT سکان یان MRI بۆ سەری کەسی گومانلێکراو بە نەخۆشییەکە.
سێیەم– چارەسەری ئەم نەخۆشییە لەڕێگای دەرمانی تایبەت دەبێت کە بڕیاری لەسەر دەدرێت لەسەر بنەمای هۆکاری نەخۆشیەکە ئایا ڤایرۆسە یان بەکتریا یان هۆکاری تر.
دەرەنجامە نەخوازراوەکانی ئەم نەخۆشییە کامانەن؟
یەکەم– کەم بوونەوە و لەدەستدانی بیستن.
دووەم– تێکچوونی سیستەمی هۆرمۆناتی ڕێکخستنی ئاوی ناو لەش .
سێیەم– گەشکە.
چوارەم– کەم بوونەوە و لە دەستدانی بینین.
پێنجەم– تێکچوونی تەوازونی جەستە
ڕێگریکردن لە نەخۆشییەکە بە چى ڕێگایەک دەبێت؟
کاریگەرترین هۆکار بۆ ڕێگریکردن لەم نەخۆشیە بریتییە لە کوتان دژی ئەو خۆرە بەکتریایانەی هۆکارن بۆ نەخۆشییەکە، کە خشتەی کوتانی مداڵاندا هەیە.
چەند تێبینیەک:
یەکەم– بۆ دەستنیشانکردنی تەواوی نەخۆشیەکە پێویستە پزیشکی پسپۆڕ بڕیار بدات.
دووەم– پشکنینی ئاوی پشت کەمترین زیانی لاوەکی هەیە و هەڵەیە دایکان و باوکان ڕێگری بکەن لە ئەنجامدانی ئەو پشکنینە.
سێیەم– مەرج نیە منداڵەکەت یەکێک لەو نیشانانەی هەبێت تووشبوو بێت بە نەخۆشیەکە، مەرج نیە هەرکەس نەخۆشیەکەی گرت تووشى ئەو دەرەنجامە نەخوازراوانە ببێت، بەڵکو زۆربەیان بەبێ کێشە نەخۆشیەکە تێ ئەپەڕێنن.
چوارەم– بەکارهێنانی دەرمانی دژە بەکتریا کاریگەری لەسەر ئەنجامی پشکنینەکان دەبێت بەتایبەتی پشکنینی ئاوی پشت بۆیە بەکارهێنانی ئەم جۆرە دەرمانە لەکاتی هەبوونی تا و هەڵامەت کارێکی زۆر هەڵەیە .
پێنجەم– زۆر گرنگە دایکان و باوکان پابەند بن بەو خشتەی کوتانەى، کە لەلایەن کەسانی پسپۆر و دڵسۆزەو دانراوە و کەم تەرخەمی نەکەن.
شەشەم– لە کاتی هەبوونی ئەم نیشانانەدا سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکرێت و منداڵەکە دووربخرێتەوە لە تێکەڵبوون و چوونەوە بۆ باخچە و قوتابخانە لەپێناو پاراستنی سەلامەتی گشتیدا.
|