بۆچی دڵی مرۆڤ تووشی شێرپەنجە نابێت؟
2 کاتژمێر پێش ئێستا
39 جار خوێنراوەتەوە
دڵ یەکێکە لەو ئەندامە دەگمەنانەی جەستە کە زۆر بە دەگمەن تووشی شێرپەنجە (گرێی شێرپەنجەیی سەرەتایی) دەبێت. هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ چەند تایبەتمەندییەکی زانستی و فیزیۆلۆژیی دڵ کە ڕێگری لە گەشەکردنی خانە شێرپەنجەییەکان دەکەن:
د.بیلال عەبدوڵا، دكتۆرا (بۆرد) لە پسپۆڕی وردی دڵی منداڵان لەوبارەیەوە دەڵێت:
لێدانی دڵ پڕۆتینێک بە ناوی نێسپرین -٢ (Nesprin-2) بەرهەم دەهێنێت. ئەم پڕۆتینە پەیام بۆ ناوکە خانەی شێرپەنجەیی دەدات کە ژینگەکە بۆ زاوزێ و دابەشبوون گونجاو نییە.
توێژەران دەڵێن چالاکی میکانیکی بەردەوامی دڵ ڕەنگە یەکێک بێت لە هۆکارەکانی بەرگریی ئەم ئەندامە لە بەرامبەر شێرپەنجەدا.
بەپێی ڕاپۆرتی دەیلی مەیل، شێرپەنجەی سەرەتایی دڵ، کە لە شانەی خودی دڵدا دروست ببێت و لە ئەندامێکی ترەوە بۆ دڵ بڵاو نەبوبێتەوە، زۆر دەگمەنە. نزیکەی ٩٠٪ی (پاکن)، هەرچەندە لە کاتی گەشەی زۆر و گیرانی ڕێڕەوی خوێن، ڕەنگە مەترسیدار یان کوشندە بن.
یەکێک لە هۆکارە ناسراوەکانی بەرگریی دڵ لە بەرامبەر شێرپەنجەدا، دابەشبوونی سنوورداری خانەیی ئەم ئەندامەیە. خانەکانی زۆربەی شانەکانی لەش بۆ جێگرتنەوەی خانە کۆن یان زیانلێکەوتووەکان بە شێوازێکی ڕێکوپێک دابەش دەبن و هەرچەندە ژمارەی دابەشبوونەکان زۆرتر بێت، ئەگەری ڕوودانی گۆڕانکارییە جێنەتیکییە شێرپەنجەییەکان زیاتر دەبێت.
بەڵام خانەکانی ماسولکەی دڵ، کەمێک دوای لەدایکبوون دابەشبوون ڕادەگرن و لە تەمەنی پێگەیشتوودا، لە جیاتی زاوزێ و دابەشبوون، قەبارەیان گەورەتر دەبێت.
پێچەوانەی خانەکانی ڕووپۆشی ریخۆڵە که ههر ٥ تا ١٠ ڕۆژێک نوێ دەبنەوە، خانەکانی دڵ کە لەناودەچن جێگەیان پڕ ناکرێتەوە.
توێژەرانی زانکۆی تریستەی ئیتالیا ئێستا هۆکارێکی تریان دۆزیوەتەوە. بەوتەی ئەوان، گرژبوون و خاوبوونەوەی دڵ کە ڕۆژانە تا ١٠٠ هەزار جار دووبارە دەبێتەوە، پەستانێکی میکانیکی توند دروست دەکات کە ڕێگری لە گەشەی خانە شێرپەنجەییەکان دەکات.
سەرەڕای ئەوەی شێرپەنجەی سەرەتایی دڵ زۆر دەگمەنە، بەڵام دڵ دەکرێت تووشی شێرپەنجەی گواستراوە (Metastatic Cancer) ببێت؛ واتە ئەگەر کەسێک شێرپەنجەی لە شوێنێکی تری جەستەیدا هەبێت (وەک شێرپەنجەی مەمک یان سییەکان)، لە ڕێگەی خوێن یان لیمفەوە خانە شێرپەنجەییەکان دەتوانن بگەنە دڵ، بەڵام خۆی بە تەنها وەک خانەی سەرەتایی زۆر بە دەگمەن تووشی دەبێت.
|