خواردنی شوتی کاریگەریی لەسەر دڵ چیی دەبێت؟
1 کاتژمێر پێش ئێستا
30 جار خوێنراوەتەوە
شوتی یەکێکە لە میوە دڵخوازەکانی زۆرینەی خەڵک لە وەرزی هاویندا، توێژینەوەکانیش دەریانخستووە کە ئەم میوەیە بەهۆی پێکهاتە خۆراکییە دەرمانییەکانی، بژاردەیەکی نایابە بۆ چارەسەرکردنی چەندین نەخۆشیی وەک: نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن، پیری، قەڵەوی، شەکرە، برینی گەدە و شێرپەنجە.
شوتی دەوڵەمەندە بە ترشە ئەمینی سیترولین، دژەئۆکسانی لیکۆپین، پۆتاسیۆم و مەگنیسیۆم. ئەم توخمانە پێکەوە کاردەکەن بۆ باشترکردنی تەوژمی خوێن، کەمکردنەوەی هەوکردن و ڕێکخستنی پەستانی خوێن. هەروەها شوتی وەک خۆراکێکی کارا بۆ دابەزاندنی کێش سوودبەخشە.
ئەم میوەیە زۆر بەسوود و تێرکەرە، چونکە نزیکەی 92%ی لە ئاو پێکهاتووە و کالۆریشی زۆر کەمە (تەنها نزیکەی 46 کالۆری لە هەر کوپێکدا).
گرنگترین سوودەکانی شووتی بۆ تەندرووستیی:
زیادکردنی نەرمی لوولەکانی خوێن: ترشی سیترولین بەرهەمهێنانی ئۆکسیدی نیتڕیک هان دەدات، ئەمەش دەبێتە هۆی حەسانەوە و فراوانبوونی لوولەکانی خوێن.
ڕێکخستنی پەستانی خوێن: بەهۆی پۆتاسیۆم و ترشە ئەمینییەکانەوە، یارمەتیی کەمکردنەوەی بارگرانی سەر دڵ و دابەزاندنی پەستانی خوێن دەدات.
دژایەتیکردنی هەوکردن و ئۆکسان: بەهۆی دەوڵەمەندی بە لیکۆپین، خانەکانی دڵ لە تێکچوون دەپارێزێت.
ڕێکخستنی لێدانی دڵ: دژەئۆکسانەکان کارایی دڵ دەپارێزن.
کەمکردنەوەی ئازاری ماسولکەکان: سیترولین و ئەلیکترۆلیتەکان ئازاری ماسولکەی دوای ڕاهێنان کەمدەکەنەوە.
پاڵپشتی بینین و بەرگری: بەهۆی دەوڵەمەندی بە ڤیتامینی (A) و (C)، تەندروستی چاو و کۆئەندامی بەرگری بەهێز دەکات.
|