بۆچی شەکرەی جۆری 1 لە منداڵاندا مەترسیدارترە؟
1 کاتژمێر پێش ئێستا
12 جار خوێنراوەتەوە
توێژینەوەیەک هۆکاری ئەوە ئاشکرا دەکات کە بۆچی شەکرەی جۆری 1 لەو منداڵانەی لە تەمەنێکی کەمدا تووشی دەبن، توندتر و مەترسیدارترە.
توێژینەوەیەک لە زانکۆی ئێکسیتەر نموونەی پەنکریاسی 250 کەسیان وەرگرتووە و بۆیان دەرکەوتووە کە خانەکانی "بێتا" (کە ئینسۆلین بەرهەم دەهێنن) لە منداڵاندا بە شێوەی کۆمەڵەی بچووک بوونیان هەیە، کاتێک سیستمی بەرگری هێرشیان دەکاتە سەر بە ئاسانی لەناویان دەبات، بەڵام لە کەسانی پێگەیشتوودا ئەم خانانە گەورەترن و لە چەقی پەنکریاسدا کۆدەبنەوە کە پێیان دەوترێت "دوورگەکانی لانگەرهانس" ئەمەش وایان لێدەکات بەرگرییان بەهێزتر بێت.
د. سارا ریچاردسن، لە زانکۆی ئێکسیتەر، دەڵێت: "ئەمە دۆزینەوەیەکی زۆر گرنگە و رووناکی دەخاتە سەر ئەوەی بۆچی نەخۆشییەکە لە منداڵاندا توندترە."
د. سارا ریچاردسن ئاماژەی بەوەکرد کە چارەسەری نوێی بەرگری، وەک دەرمانی "تێپلیزوماب" (teplizumab)، دەتوانێت هێرشی سیستمی بەرگری بۆ سەر خانەکانی بێتا بوەستێنێت و کات بدات بە پەنکریاس بۆ ئەوەی پێبگات و گەشە بکات، ئەمەش دەکرێت ببێتە هۆی دواخستنی نەخۆشییەکە.
شەکرەی جۆری 1 نەخۆشییەکی بەرگرییە، کە تێیدا سیستمی بەرگریی جەستە هێرش دەکاتە سەر ئەو خانانەی پەنکریاس کە بەرپرسن لە کۆنترۆلکردنی شەکری خوێن.
|