توێژینەوەیەک شێوەکانی زمان بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشی ئاشکرا دەکات

1     کاتژمێر پێش ئێستا  7 جار خوێنراوەتەوە

زانکۆییەک لە چین ئاماژە بەوەدەکات، زمان وەک ئاوێنەیەک وایە بۆ تەندروستیی گشتیی جەستە و هەر گۆڕانکارییەک لە رەنگ، شێوە یان رووکەشیدا، لەوانەیە ئاماژە بێت بۆ بوونی کێشەیەکی تەندروستی.
 
توێژینەوەیەکە لە زانکۆی پزیشکیی گوانگژۆ لە چین، پشتڕاستی دەکاتەوە کە پشکنینی زمان دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە دەستنیشانکردنی زووەختەی هەندێک نەخۆشی.
 
بەگوێرەی زانکۆ چینییەکە 10 نیشانەی ئاگادارکەرەوەی سەر زمان دەخاتەڕوو:
 
1.  پەڵەی سپی: پەڵەی سپی ئەستوور لەوانەیە نیشانەی هەوکردنی کەڕوویی (oral thrush) بێت، یان لە حاڵەتی دەگمەندا ئاماژە بێت بۆ شێرپەنجەی دەم.
 
2.  زمانی "موودار": هەندێکجار رووی زمان وەک ئەوەی مووی پێوەبێت دەردەکەوێت، ئەمەش بەهۆی کۆبوونەوەی بەکتریاوە روودەدات و زۆرجار پەیوەندیی بە جگەرەکێشان و پاکڕانەگرتنی دەمەوە هەیە.
 
3.  رەنگی رەش: رەشبوونی زمان، هەرچەندە ترسناک دیارە، بەڵام زۆربەی کات نیشانەی کۆبوونەوەی بەکتریا و کەڕووە، هەندێک دەرمان و جگەرەکێشان دەتوانن هۆکاربن.
 
4.  زمانی سوور: ئەمە لەوانەیە ئاماژە بێت بۆ کەمیی ڤیتامین B12 و فۆلیک ئەسید لە منداڵاندا، لەوانەیە نیشانەی نەخۆشیی کاواساکی بێت.
 
5.  ئازار و گرێ: دەرکەوتنی گرێ یان برینی بەئازار کە بۆ ماوەیەکی درێژ نامێنێتەوە پێویستی بە پشکنینی پزیشک هەیە، چونکە لەوانەیە نیشانەی سەرەتایی شێرپەنجەی دەم بێت.
 
6.  زمانی لووس و بریقەدار: نەمانی گرێ بچووکەکانی سەر زمان و دەرکەوتنی بەشێوەیەکی تەواو لووس، لەوانەیە نیشانەی کەمیی مادەی خۆراکی بێت، وەک ئاسن و ڤیتامین B.
 
7.  لێواری شەپۆلاوی: ئەگەر لێوارەکانی زمانت شێوەی شەپۆلاوییان هەبوو، لەوانەیە بەهۆی پەستانی ددانەکانتەوە بێت، کە هەندێکجار پەیوەندیی بە کێشەی غودەی دەرەقی یان وەستانی هەناسەدان لە کاتی خەودا هەیە.
 
8.  قڵیشان و درز: بوونی درز لەسەر رووی زمان زۆرجار بێ زیانە بەڵام دەبێتە شوێنێکی باش بۆ کۆبوونەوەی بەکتریا، بۆیە پاککردنەوەی بەردەوام گرنگە.
 
9.  رووکەشی زەرد: زەردبوونی رووی زمان زۆرجار بەهۆی کۆبوونەوەی بەکتریاوەیە، بەڵام ئەگەر رەنگەکەی تۆخ بوو، لەوانەیە نیشانەی کێشەی جگەر و زەردوویی بێت.
 
10. برین: برینی بچووک (canker sores) زۆرجار بەهۆی سترێس یان خواردنی هەندێک جۆر خۆراکەوە دروست دەبێت، بەڵام ئەگەر بەردەوام دووبارە بووەوە، پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە