رۆژووی پچڕپچڕ کاریگەری لەسەر چەوریی ورگ چییە؟

22   کاتژمێر پێش ئێستا  254 جار خوێنراوەتەوە

توێژینەوەیەک لە ئەمریکا ئاشکرای دەکات، رۆژووی پچڕپچڕ چەوریی ورگ کەم دەکاتەوە و سوودی بۆ تەندروستیی دڵیش دەبێت.
 
توێژینەوەکە لەلایەن تیمێکەوە لە قوتابخانەی تی ئێچ چانی تەندروستیی گشتیی زانکۆی هارڤارد کرا و دەرکەوت، رۆژووی پچر پچر کە بریتییە لە رۆژووی رۆژ نا رۆژێک، نەک هەر کاریگەرە، بەڵکو لە رێژیمە باوەکان باشترە. بەشداربووان لەسەر ئەم سیستمە، بە تێکڕا 1.3 کیلۆگرام کێشیان زیاتر دابەزاندووە بەراورد بە جۆرەکانی دیکەی رێژیم.
 
نزیکەی 6 هەزار و 500 کەس لە توێژینەوەکەدا بەشدارییان کردووە و دەرکەوتووە، جگە لە دابەزاندنی کێش، ئەم جۆرە رۆژووگرتنە سوودی هەبووە لە کەمکردنەوەی چێوەی ورگ، دابەزاندنی ئاستی کۆلیسترۆڵ و چەوریی سیانی و کەمکردنەوەی نیشانەکانی هەوکردن لە جەستەدا.
 
ژیلا سەمنانی ئازاد، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە لە زانکۆی هارڤارد رایگەیاند، "هەرچەندە رۆژووی پچڕپچڕ کاریگەریی باشی هەیە، بەڵام بۆ هەموو کەسێک گونجاو نییە. وەک هەر گۆڕانکارییەکی دیکە لە سیستمی خۆراکیدا، زۆر گرنگە کەسەکە راوێژ بە پزیشک بکات و مێژووی تەندروستی و شێوازی ژیانی خۆی لەبەرچاو بگرێت."
 
سەرەڕای ئەمانەش، توێژەران ئاماژە بەوە دەکەن کە هێشتا پێویستە لێکۆڵینەوەی زیاتر لەسەر کاریگەرییە درێژخایەنەکانی بکرێت، چونکە زۆربەی توێژینەوەکان ماوەیان کەمتر بووە لە 24 هەفتە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە