بۆچی ئەمریکا بودجەی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە تەرخانکردەوە؟
2 کاتژمێر پێش ئێستا
172 جار خوێنراوەتەوە
لەگەڵ ئەوەی ئەمریکا هەنگاوەکانی کشانەوەی لە عێراق دەست پێ کردووە بەڵام بۆ ئەمساڵیش لە بودجەی وەزارەتی جەنگی ئەو وڵاتە بودجەیەکی بۆ هاوکاریکردنی هێزەکانی پێشمەرگە تەرخان کردووە.
ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا بودجەیەکی زەبەلاحی بۆ وەزارەتی جەنگ بۆ ساڵی 2026 پەسەندکرد کە بڕەکەی لە یەک ترلیۆن دۆلار نزیک دەبێتەوە.
ئەم بودجەیە گەورەترین بودجەی وڵاتانی جیهانە کە بۆ وەزارەتە هاوشێوەکانیان تەرخان کرابێت.
لەناو ئەم بودجەیەدا بەشێکی بۆ هاوکاریکردنی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دیاریکراوە کە بڕەکەی دەگاتە ٦١ ملیۆن دۆلار.
دابین ئەم بڕە پارەیە لە کاتێکدا ئەمریکا دەستی بە کشانەوە لە عێراق کردووە لە بنکەکانی عەین ئەسەد و ڤیکتۆریا هێزەکانی کشاندوەتەوە، بە گوێرەی رێککەوتنە ئەمنییەکەشی دەبێت ساڵی داهاتوو لە هەرێمی کوردستانیش بکشێتەوە.
لە ناو بودجەکەدا بڕی ١٣٠ ملیۆن دۆلار بۆ هێزەکانی هەسەدە لە رۆژئاوای کوردستان تەرخانکراوە، کە بۆ دابینکردنی چەک و پێداویستی هێزەکان تەرخان دەکرێت.
بە گوێرەی لێکدانەوەی شیکەرەوان ئەمریکا ساڵانە بە دابینکردنی ئەو بڕە پارەیە بۆ هێزە کوردییەکان لە رۆژئاوا و باشووری کوردستان پشتیوانی خۆی بۆ مانەوەی پێگەی ئەو هێزانە دووپات دەکاتەوە.
بە تایبەت ئێستا ناوچەکە بەرەو جەنگێکی نوێ هەنگاو دەنێت و خواستی هەڵگیرسانەوەی جەنگی ئێران و ئیسرائیل بەهێزە، بۆیە ناوچە کوردییەکان بۆ هێزەکانی ئەمریکا و بەرژەوەندییەکانی واشنتن ئارامترین ناوچەن.
شیکەرەوان پێیان وایە، ئەمریکا لە هیچ بارودۆخێکدا هێزەکانی لە هەرێمی کوردستان ناکشێنێتەوە و تەنیا ئەگەری کەمکردنەوەی ژمارەیان هەیە، هەر ئەوەش وایکردووە ساڵانە بودجەیەکی دیاریکراو بۆ هێزەکانی پێشمەرگە دابین بکات.
بودجەکەی ئەمریکا بۆ هێزەکانی پێشمەرگە بەراورد بە هێزەکانی سوریای دیموکرات کەمترە ئەوەش بۆ ناکۆکی و ململانێ سیاسییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی دەگەڕێتەوە کە بووەتە هۆی لاوازکردنی پێگەی هەرێم لە سەرجەم ئاستەکاندا.
هەرچەندە ئەمریکا بەردەوام فشاری لە پارتی و یەکێتی کردووە کە هێزەکانیان لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا یەک بخەن لە بەرانبەریشدا ئامادەیی نیشانداوە کە پڕچەکیان بکات و بودجەی زیاتریان بۆ دابین بکات بەڵام تا ئێستا ئەو دوو حیزبە نەچوونەتە ژێر باری جێبەجێ کردنی ئەو داواکارییەوە.
|