ئەمریکا یەکەم هەنگاوی دژی گرووپە میلیشیاکانی عێراق گرتە بەر
2 کاتژمێر پێش ئێستا
205 جار خوێنراوەتەوە
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا یەکەم هەنگاوی دژی گرووپە چەکدارە میلیشیاکانی عێراق گرتە بەر و بە یەک گوژمە زنجیرەیەک لەو گرووپانەیان خرانە لیستی تیرۆروە، هۆشداری توندیش دراوە بە سودانی کە لە هەر کاتێکدا ئەگەری وەشاندنی گورزی سەربازیی ئیسرائیل هەیە.
لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاشکرای کردووە، هەریەکە لە گرووپەکانی ئەلنوجەبا، کەتایبی سەید شوهەدا، ئەنساڕەڵلا و کەتایبی ئیمام عەلی خستە لیستی گرووپە تیرۆرستییەکانی دەرەوەی وڵاتەوە.
ئەم هەنگاوەی ئەمریکا دوای زنجیرەیەک هۆشداری یەک لە دوای یەک دێن کە بەرپرسانی ئەمریکی بە محەمەد شیاع سودانیان دابوو ئەگەر جڵەوی ئەو گرووپە میلیشیایانە نەکات ئەوا رووبەڕووی کاردانەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل دەبنەوە.
ئەمریکا پێشتر چەند جارێک داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرووپانەی لە حکوومەتی عێراق کردووە و خواستی ئەوەی هەیە لەناو ریزەکانی سوپای عێراقدا بتوێنرێنەوە بەڵام هیچ وەڵامێکی ئەرێنی لەو گرووپانە و سەرکردە شیعە وەلائییەکانەوە نەدراوەتەوە.
ساڵی رابردوو محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانێکی تایبەتی بۆ تاران رێکخست و لەگەڵ عەلی خامنەیی رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران ئەو پرسەی تاوتوێ کرد.
بە گوێرەی راگەیەندراوی ئەو کاتی میدیاکان، رێبەری ئێران پشتیوانی خۆی بۆ مانەوەی گرووپە چەکدارەکان نیشانداوە و داوای کردووە پشتیوانی زیاتر بکرێن.
لەلایەکی دیکەوە، ئیسرائیل هەنگاو بەرەو وەشاندنی گورز لە دژی میلیشیا عێراقییەکان دەنێت و بە ڕوونی پەیام دراوەتە سودانی.
بە گوێرەی سەرچاوە باڵا سیاسییەکانی عێراق، میلیشیاکان خۆیان بۆ وەشاندنی گورزی سەربازیی ئامادەکردووە و بەرپرسە باڵاکانیان بە ئەستەم دەردەکەون.
ئەمە لە کاتێکدایە، لە چەند رۆژی رابردوو ئیسرائیل هێرشێکی سەختی کردە سەر حوسییەکانی یەمەن، بۆیە چاوەروان دەکریت هەنگاوی دواتر بۆردوومانکردنی عێراق بێت.
پێشتر ئاژانسی رۆیتەرز ئاشکرای کردبوو، چەندین جار لەسەر داوای ئەمریکا ئیسرائیل هێرشکردنە سەر عێراقی هەڵوەشاندوەتەوە بەڵام پێ ناچێت لە کابینەکەی ترەمپدا چیدیکە خاتری عێراق بگیرێت.
ئەمریکا کار بۆ ئەوە دەکات دەستی ئێران لەناو عێراقدا ببڕێت و کاریگەری سیاسی و سەربازیی بەسەر بەغداوە نەهێڵێت، چونکە پێی وایە عێراق بووەتە سەرچاوەی سەرەکی بۆ راگرتنی ئابووری ئێران و خۆ دزینەوەی لە سزاکانی ئەمریکا بۆیە رۆژانی داهاتوو بۆ میلیشیا شیعەکان رۆژانێکی سەخت و چاوەڕوان نەکراو دەبن.
|