ئامارێکی مەترسیداری ماددە هۆشبەرەکان لە هەرێمی کوردستان بڵاودەبێتەوە
7 کاتژمێر پێش ئێستا
42 جار خوێنراوەتەوە
بەگوێرەی ئامارێکی لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان، رۆژانە هەشت کەس بە تۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکان دەستگیر دەکرێن بەوەش تەنیا لەمساڵدا زیاتر لە هەزار کەس دەستگیرکراون.
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکانی هەرێم ئاشکرای کردووە لە چوار مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک، 612 کەس و لە سلێمانی و هەڵەبجەش ٣٨٨ کەس بە تۆمەتی مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون.
بەگوێرەی ئامارەکان، لەو چوار مانگەی ئەم ساڵدا، 169 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر، 70 کیلۆگرام حەبی کپتاگۆن و 8 هەزار و 325 شیت و دانە حەب لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک دەستیان بەسەردا گیراوە.
لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجەش دەست بەسەر نزیکەی 350 کیلۆگرام مادەی هۆشبەردا گیراوە.
بە گوێرەی ئامارەکە، لەمساڵدا هەر سێ کاتژمێر جارێک کەسێک بە تۆمەتی بازرگانی کردن یان بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراوە کە ئەوەش ئامارێکی ترسناکە و گەورەیی قەبارەی بەکارهێنان و بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە نیشان دەدات.
هاوکات ساڵی رابردوو دوو هەزار و ٢٠٠ کەس بەو تۆمەتەوە دەستگیرکراون، کە بەراورد بە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵ رێژەکە بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
ئەوەی جێگەی سەرنجە زۆرینەی ئەو مادە هۆشبەرانەی دەستی بەسەردا گیراوە لە ناو شارەکان و بازگەکانی نێوان پارێزگاکان بووە و کەمتر لە خاڵە سنوورییەکان دەستی بەسەردا گیراوە.
بڵاوبوونەوەی ئەم ئامارانە لە کاتێکدایە، رۆژانە دەیان بارهەڵگر بە قاچاخ و بێ پشکنین لە خاڵە سنوورییەکانەوە داخڵی هەرێمی کوردستان دەکرێن کە گومان دەکرێت بەشێکی زۆری ئەو ماددە هۆشبەرانە لەو رێگەیەوە هاوردە بکرێت.
بە گوێرەی داتاکانی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هەرێمی کوردستان ئێستا بووەتە رێڕەوێکی سەرەکی بۆ گواستنەوەی ماددەی هۆشبەر لە ئێران و سوریاوە بۆ وڵاتانی دیکەی جیهان.
ئاڵۆزی سیاسی و بەردەوامی قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستان وایکردووە بەکارهێنان و بازرگانی کردنی بە ماددە هۆشبەرەکان لە شارەکان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز بێتەوە.. دەزگا پەیوەندیدارەکان کوردستانیش لەهەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی ئامارەکان .
|