عێراق ئاماری نوێی قوربانیانی تای خوێنبەربوون بڵاودەکاتەوە
15 کاتژمێر پێش ئێستا
147 جار خوێنراوەتەوە
وەزارەتی تەندروستیی عێراق دەڵێت، تووشبوویەکی دیکەی تای خوێنبەربوون لە موسەننا گیانی لەدەستداوە، بەوەش کۆی گشتیی ئەوانەی ئەم ساڵ بەو پەتایە گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە 5 کەس و 36 تووشبوویش تۆمار کراون. ناوەندی کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییە گوێزراوەکانیش ئاماژە بە تەرخانکردنی 3 ملیار دینار بۆ کۆنترۆڵکردنی پەتاکە دەکات.
د. سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق بە میدیاکانی ڕاگەیاند، "ژمارەی ئەو کەسانەی بە تای خوێنبەربوون گیانیان لەدەستداوە گەیشتوونەتە 5 کەس، کە چواریان لە کەرکووک بوون و ئەوی دیکەش لە موسەننا بووە."
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق وتیشی، "تا ئێستا 36 تووشبووی تای خوێنبەربوون تۆمار کراون." تووشبووەکان لە کەرکووک، زیقار، بەغدا، موسەننا، نەینەوا، دیالە و بەسرە تۆمار کراون.
هاوکات د. سینان غازی، بەڕێوەبەری ناوەندی کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییە گوێزراوەکان لە وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕایگەیاند "وەزارەتی تەندروستی بە رێنوێنیی سەرۆکوەزیران و بە هاوئاهەنگیی وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی کشتوکاڵ، وەزارەتی ژینگە و دامەزراوەکانی دیکە، چەندین رێکاری گرتووەتەبەر بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو پەتایە و کۆنترۆڵکردنی، سێ ملیار دیناریش بۆ ئەو مەبەستە تەرخانکراوە."
بە وتەی د. سینان غازی رێکارەکان ئەمانەن:
1- "لیژنەی نیشتمانی بۆ یەک تەندروستی" سەرپەرشتی رێکار و هەنگاوەکانی رووبەڕووبوونەوە و کۆنترۆڵکردنی تای خوێنبەربوون دەکات.
2- گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتیی ئەو گۆشت و ئاژەڵانەی هاوردە دەکرێن.
3- تەرخانکردنی 3 ملیار دینار لە بودجەی یەدەگی فریاگوزاری بۆ کۆنترۆڵکردنی نەخۆشی تای خوێنبەربوون.
3- دابینکردنی بەردەوامی خزمەت بۆ کوشتارگە حکومییەکان بۆ (3-5) ساڵ.
4- بەو پێیەی نەخۆشییەکە لە رێگەی ئاژەڵەوە دەگوازرێتەوە، وەزارەتی کشتوکاڵ هەڵمەتی رشاندنی دەرمان لەسەر ئاژەڵەکان دەکات لە وەرزەکانی بەهار و پاییز، جگە لەوەش هەڵمەتە فریاگوزارییەکان کە بە هاوئاهەنگی وەزارەتی تەندروستی دەکرێن، کاتێک دۆخە گومانلێکراوەکانی نەخۆشییەکە تۆمار دەکرێن.
5- چاودێریکردنی سەربڕینی هەڕەمەکی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانی، ڤێتێرنەری و وەزارەتی ناوخۆ، لەگەڵ گرتنەبەری رێکاری یاسایی دژی بکەران.
6- چاودێریکردنی کوشتارگەکان لەلایەن وەزارەتی تەندروستی، وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی ژینگە و وەزارەتی کشتوکاڵ، بۆ دڵنیابوون لەوەی مەرجە تەندروستییەکان جێبەجێ دەکرێن و سەرپێچیکاران لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.
7- بڵاوکردنەوەی رێنمایی تەندروستی و هۆشیاری لە رێگەی راگەیاندنەکانەوە لە ژێر دروشمی "ببە بە بەشێک لە چارەسەر".
- رێکارەکانی وەزارەتی تەندروستی بۆ دۆخە گومانلێکراوەکان و پشتڕاستکراوەکان بەم شێوەیەن:
1-چاودێری پێشوەختە و دەستنیشانکردنی دۆخەکانی تووشبوون، بۆ کۆنترۆڵکردنی نەخۆشیەکە و رێگریکردن لە گواستنەوەی.
2- دابینکردنی کلینیکیی تایبەت و دەرمانی چارەسەرکردن بۆ تووشبووانی تای خوێنبەربوون.
3- راهێنان و پەرەپێدانی توانای پزیشک، کارمەندانی تەندروستی و کارمەندانی تاقیگە.
تای خوێنبەربوون بە چەندین رێگە لە ئاژەڵەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، هەندێکجار دەبێتە هۆى مردنى تووشبووەکە.
|