تورکیا لە سێ رۆژدا نزیکەی 100جار بۆردوومانی سنوورەکانی هەرێمی کردووە

2   کاتژمێر پێش ئێستا  74 جار خوێنراوەتەوە

بەگوێرەی ئاماری رێکخراوی سی پی تیی ئەمریکی، لە سێ رۆژی رابردوودا سوپای تورکیا 97 جار هێرش و بۆردوومانی سنووری پارێزگای دهۆکی کردووە. بەرپرسێکی رێکخراوەکە دەڵێت، قوربانیی سڤیل نییە.

بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی رێکخراوی تیمەکانی دروستکەری ئاشتیی کۆمەڵگە (CPT)ـی ئەمریکی، کە ئەمڕۆ بڵاوکراوەتەوە، "لە کاژێر 19:50 خولەکی ئێوارەی دوێنێ هێلیکۆپتەرەکانی سوپای تورکیا بەچڕی هێرشیان کردە سەر گەلی مێوین لە چیای مەتین لە سنووری گوندەکانی بەلاڤە و گوهەرزێ لە قەزای ئامێدی".
 
سی پی تی کە بەشێوەی مەیدانی بەدواداچوون بۆ هێرشی سەر سنوورەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن تورکیا و ئێرانەوە دەکات، دەڵێت، "هەر دوێنی کاژێر 22:32، فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا پێنج جار جار بۆردوومانی هەمان شوێنیان کردووەتەوە".
 
بەگوێرەی ئاماری ئەو رێکخراوە، لە سێ رۆژی رابردوودا سوپای تورکیا زیاتر لە 97 هێرش و بۆردوومانی بۆسەر چیا و گوندەکانی سنوری قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک ئەنجامداوە.
 
کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی کوردستانیی رێکخراوەکە بە ٧ڕۆژی وت: "لە هێرشەکانی سێ رۆژی رابردوودا تاوەکو ئێستا هەبوونی هیچ قوربانییەکمان بۆ پشتڕاستنەکراوەتەوە".
 
ئاژەی بەوەشکرد، لە مانگی ئاداردا، "سوپای تورکیا 118 هێرش و بۆردوومانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە".
 
بەگوێرەی ئاماری رێکخراوەکە، لە مانگی ئاداردا، سوپای تورکیا 55 هێرشی بۆ سەر سنووری پارێزگای هەولێر و 51 هێرشی بۆ سەر سنووری پارێزگای دهۆک و 12 هێرشیشی بۆ سەر سنووری پارێزگای سلێمانی کردووە.
 
کامەران عوسمان وتیشی، "تاوەکو ئەمڕۆ سوپای تورکیا زیاتر لە 500 هێرش و بۆردوومانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەنجام داوە".
 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە