ئەمریکا بۆ هاووڵاتیانی: وریابن ئەگەری داخستنی ئاسمانی ناوچەکە هەیە
7 خولەک پێش ئێستا
27 جار خوێنراوەتەوە
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هۆشداریی دەداتە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و داوایان لێ دەکات لە بەرامبەر هەڵکشانی هەڕەشە چەکدارییەکانی ئێران و حووسییەکان وریا بن، هاوکات ئامادەکاری بۆ ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان و داخستنی کایەی ئاسمانی بکەن.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە رێگەی باڵیۆزخانە و نێردە دیپلۆماسییەکانییەوە لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، راگەیەنراوێکی هۆشداریی بۆ هاووڵاتییانی بڵاوکردەوە.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە دا، بەهۆی بەرزبوونەوەی مەترسیی هێرشە چەکدارییەکانی گرووپی حوسییەکانی پاڵپشتیکراو لەلایەن ئێرانەوە و هەوڵەکانی تاران بۆ بەئامانجگرتنی بەرپرسان و دامەزراوەکانی حکوومەتی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، پێویستە هاووڵاتییانی ئەمریکی زیاتر چاوکراوە و وریا بن.
هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا روونیشی کردەوە، پێشهات و پێکدادانەکان "ئەگەری هەیە بە خێرایی پەرە بسێنن" و رەنگە ببنە هۆی هەڵوەشاندنەوەی ژمارەیەک گەشتی ئاسمانی، داخستنی کایەی ئاسمانی و دروستبوونی ئاستەنگ و پشێویی دیکە لە جووڵەی گەشتکردن و هاتوچۆدا.
لە کۆتایی هۆشدارییەکەدا داوا لە هاووڵاتییانی ئەمریکی کراوە بەردەوام بەدواداچوون بۆ پێشهاتەکانی دۆخی ئاسایش و ئاگادارکردنەوەکانی نێردە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا بکەن، پێش چوونیان بۆ فڕۆکەخانەکان دۆخی گەشتەکانیان راستەوخۆ لەگەڵ کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی بپشکنن و پلانی جێگرەوە بۆ هەر گۆڕانکارییەک لە کات یان رێڕەوی گەشتەکانیاندا دابنێن.
|