پەرلەمانی کوردستان دژی بڕیارەکانی عەلی زەیدی هاتە دەنگ

29   خولەک پێش ئێستا  151 جار خوێنراوەتەوە

سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان نیگەرانیی خۆی لە بەرانبەر ڕاگەیەنراوەکەی گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەربڕی و ڕای گەیاند کە ئەو ڕاگەیەنراوە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان پێشێل دەکات، هاوکات دووپاتی کردەوە کە یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکان دەبێت لە ڕێگەی دەستوورەوە بێت نەک لێدوانی میدیایی و هەنگاوی تاکلایەنە.

سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە، "پەرلەمانی کوردستان بە نیگەرانییەوە دەڕوانێتە ئەو ڕاگەیەنراوەی ئەمڕۆ لەلایەن گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عێراقەوە بڵاو کرایەوە، کە پێشێلی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات."

لە ڕاگەیەنراوەکەدا ڕوون کراوەتەوە دەستووری عێراق سیستمی حوکمڕانیی وڵاتی بە فیدراڵی دیاری کردووە، ددانی ناوە بە هەرێمی کوردستاندا وەک هەرێمێکی فیدراڵی و مافی پیادەکردنی دەسەڵاتی یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەریی پێ داوە، هەرێمی کوردستانیش یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی ئەو سیستمە فیدراڵییەی دەستووری 2005 بنیاتی ناوە و هەمیشە پێوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا لەسەر بنەمای ماف و ئەرکە دەستوورییەکان ڕێک خستووە.

سەرۆکایەتیی پەرلەمان دووپاتی کردووەتەوە وەک دامەزراوەی یاسادانانی هەرێم و نوێنەری ئیرادەی گەلی کوردستان، پاراستنی پێگەی دەستووری و دەسەڵاتە یاساییەکانی هەرێم بە ئەرکێکی نیشتمانی و دەستووریی خۆیان دەزانن، دووپاتیشی کردووەتەوە، "هەر ڕێکارێک لە دەرەوەی ئەو ڕێگایانەی دەستوور دیاری کردوون، پێچەوانەی بنەمای جیاکردنەوە و دابەشکردنی دەسەڵاتەکانە لە نێوان ئاستی فیدراڵی و هەرێمدا، هەروەها گیانی هاوبەشی و ڕێککەوتنی نیشتمانی لاواز دەکات کە عێراقی نوێی لەسەر دامەزراوە و ئەم جۆرە ڕێکارانە لە جیاتی چارەسەر، کێشەکان ئاڵۆزتر دەکەن و ئاسایش و سەقامگیریی گشتی دەخەنە مەترسییەوە."

لە بەشێکی تری ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، بەو پێیەی دەستوور یاسای باڵای وڵاتە، دەبێت یەکلاییکردنەوەی هەر ناکۆکییەک لە نێوان حكوومەتی فیدراڵی و حكوومەتی هەرێمدا لە ڕێگەی دەقەکانی ئەو دەستوورە و ئەو میکانیزمانەوە بێت کە دیاری کردوون، نەک لە ڕێگەی لێدوانی میدیایی و هەنگاوی تاکلایەنە.

سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان پێشوازی لە هەر هەوڵێک کردووە کە ئامانجی نەهێشتنی گەندەڵی و ڕێگرتن بێت لە پێشێلکارییە یاساییەکان، لەسەر بنەمای دەستوور و یاسا بەرکارەکان و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دامەزراوە پێوەندیدارەکانی هەرێم، داوایشی لە سەرجەم دامەزراوە فیدراڵییەکان کردووە گفتوگۆی ڕاستەوخۆ و پابەندبوون بە دەقی دەستوور بکەنە بنەمای ڕێگەی چارەسەر، بە شێوەیەک کە بەرژەوەندیی سەرجەم هاووڵاتییانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە بپارێزرێت.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە