یەکێتیی: پشتگیری داواکارییەکانی ژنانی کوردستان دەکەین
1 کاتژمێر پێش ئێستا
262 جار خوێنراوەتەوە
مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان، پەیامێک ئاڕاستەی ژنان و کچانی کوردستان دەکات و رایدەگەیەنێت: تەئكید لەسەر چڕكردنەوەی هەوڵەكانمان دەكەینەوە لەپێناو پاراستن و پشتگیری كردنی زیاتر لە ماف و داواكارییەكانی گشت ژنانی كوردستان، تاوەکو لە ژینگەی کار و کایەی بەشداری گشتیدا پارێزراوتر بن و دەرفەتی زیاتریان لەخستنەگەڕی تواناکانیاندا بۆ فەراهەم ببێت.
دەقی پەیامەکەی یەکێتی نیشمانی:
پەیامی مەكتەبی سیاسی بۆ رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان
لەم بۆنە جیهانیەدا كە بۆ نەهێشتنی گشت جۆرەكانی توندوتیژی دژ بە ژنان بەڕێوەدەچێت، وەک هەمیشە تەئكید لەسەر چڕكردنەوەی هەوڵەكانمان دەكەینەوە لەپێناو پاراستن و پشتگیری كردنی زیاتر لە ماف و داواكارییەكانی گشت ژنانی كوردستان، تاوەکو لە ژینگەی کار و کایەی بەشداری گشتیدا پارێزراوتر بن و دەرفەتی زیاتریان لەخستنەگەڕی تواناکانیاندا بۆ فەراهەم ببێت.
لەمێژووی گەلەكەماندا، بە شاهیدی گەڕیدە و رۆژهەڵاتناسان ژنان و كچانی كوردستان بەوپەڕی ئازادی و سەرفرازییەوە ڕۆڵیان لە گشت كایەكانی خزمەتکردنی کۆمەڵ و وڵاتدا بینیوە ، بۆیە بە ڕەوینەوەی یەكجارەكی حاڵەتەكانی هەراسانكردن و هەر جۆرە توندوتیژییەك لەدژیان ، لە رێی یاسا و رێکارە پێویستەکانی فەزای کۆمەڵایەتی و پایەدارکردنی بنەماکانی ماف و یەکسانی دەتوانرێت گەشەی زیاتر بەو ڕۆڵە سەنگینەیان بدرێت.
دووبارە سەركەوتن بۆ خەباتی ژنان و پاراستنی مافەكانیان دەخوازین.
مەكتەبی سیاسی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
|