یەكەم قائیمقامی قەزای خورماڵ دەستبەكار بوو

15   خولەک پێش ئێستا  10 جار خوێنراوەتەوە

بە ئامادەبوونی پارێزگاری هەڵەبجە، لە مەراسیمێكدا ئەركان حەسەن وەك یەكەم قائیمقامی قەزای خورماڵ دەستبەكاربوو و رایگەیاند: قۆناغێكی نوێی بنیاتنانەوە و بەرزكردنەوەی ئاستی فەرمانگەكانی سنوورەكە دەستپێدەكەین.

لەمەراسیمَكدا ئەركان حەسەن وەك یەكەم قائیمقامی قەزای خوڕماڵ دەستبەكاربوو، لە سەرەتای مەراسیمەكەشدا، نوخشە ناسح، پارێزگاری هەڵەبجە، وێڕای پیرۆزبایی و سوپاسی بۆ دانیشتوانی قەزای خورماڵ رایگەیاند: دانیشتوانی قەزاكە رۆڵیان هەبووە لەوەی خورماڵ وەك یەكێك لە قەزا جوانەكانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە و هەرێمی كوردستان بناسرێت.

هیواشی خواست لە داهاتوودا چەندین پڕۆژە و شوێنی دیكە وەك بەشێك لە قەزای خورماڵ بناسێندرێن.

ئەركان حەسەن، بەبۆنەی دەستبەكاربوونی وەك یەكەم قائیمقامی قەزای خورماڵ، سوپاسی ئامادەبووانی كرد و رایگەیاند: خورماڵ پێش هەڵەبجە قەزا بووە و ئێستاش بە هاوكاری پارێزگاری هەڵەبجە، كەسایەتییەكان و دامودەزگا حكومی و حیزبییەكان، قۆناغێكی نوێی بنیاتنانەوە و پڕۆژە ئیدارییەكان دەستپێدەكەین.

قائیمقامی خورماڵ روونیشیكردەوە: بە ئەزموونی 19 ساڵەی لە بواری قائیمقامییەت و كاری ئیداریدا، ئاگاداری پێداویستی و كەموكورتییە ئیدارییەكانی خورماڵە و جەختی كردەوە كە سەرەڕای دەستخۆشی لە كارە خزمەتگوزارییەكانی رابردوو، پێویستە فەرمانگە و بەڕێوەبەرێتییەكانی وەك پەروەردە و تەندروستی پلەكانیان بۆ ئاستی قەزا بەرز بكرێنەوە.

جەختی كردەوە قەزای خورماڵ تەوێڵە، بیارە و گوندەكانی شارەزوور دەگرێتەوە و دەبێت خزمەت بكرێن، هەروەها كار بۆ دابینكردنی میلاك و دامەزراندنی كەسانی دڵسۆز و شارەزای ناوچەكە دەكەن.

قەزای خورماڵ دەكەوێتە سنووری پارێزگای هەڵەبجە و شارۆچكەی خورماڵ ناوەندی قەزاكەیە و پێگە جوگرافییەكەی بە نزیكی لە دەشتی شارەزوور و نزیكبوونی لە ناوچە شاخاوییەكانی هەورامان و تەوێڵە و بیارە دەناسرێتەوە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە