ئەم هەفتەیە زەوی بەسەر فەرمانبەرانی شارەزووردا دابەش دەکرێت
2 کاتژمێر پێش ئێستا
75 جار خوێنراوەتەوە
سەرۆکی شارەوانیی شارەزوور دەڵێت، ئامادەکاری بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران کۆتایی هاتووە و ئەم هەفتەیە نزیکەی پێنج هەزار پارچە زەوی لە سنووری قەزاکە دابەش دەکرێن.
سالار ئەحمەد، سەرۆکی شارەوانیی قەزای شارەزوور لە پارێزگای سلێمانی بڵاویکردەوە، "سەرجەم ئامادەکارییەکان بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی سنوورەکە کۆتاییان هاتووە. ئەم هەفتەیە فەرمانبەرانی شایستە 200 مەتر زەوی بە شێوەی تیروپشک وەردەگرن."
سالار ئەحمەد ئاماژەی بەوە کرد، "5000 پارچە زەوی لەسەر رووبەری 1600 دۆنم لە سنوورەکە بۆ دابەشکردن ئامادەکراون، دوای قەرەبووکردنەوەی جووتیارانی ناوچەکە، پڕۆسەی دابەشکردنەکە دەستپێدەکات."
دەقی ڕاگەیەندراوی سەرۆکی شارەوانی شارەزوور:
لە پاش هەوڵ و ماندوو بونێکی زۆر کۆتایمان هێنا بە دوا قۆناغی نەخشەی زەوی فەرمانبەرانی سنووری شارەوانیمان ئەویش بە پەسەند کردنی نەخشەکە کۆتای بە ڕێکارە هونەری و کارگێڕیەکان هات و ئێستا نەخشەکە ئامادەیە بۆ دابەشکردن بەسەر فەرمانبەران و مامۆستایان و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و پێشمەرگە و کەس و کاری بەڕێزی شەهیدان و ئەنفال کراوان و زیندانانی سیاسی.
نەخشەکە زیاد لە ٥٠٠٠ پێنج هەزار پارچە زەوی دەبێت لەسەر ڕووبەری نزیکەی ١٦٠٠ دۆنم زەوی و سەرجەم ئەو چین و توێژانەی ناویان دەرچووە زەوی وەردەگرن و ڕووبەری هەر پارچە زەویەک ٢٠٠ مەتر دووجایە لە چەند ڕۆژی ئایندە لە پاش تەواوکردنی ڕێکارەکانی پێدانی قەرەبووی جوتیارە بەڕێزەکان دەست دەکەین بەدابەشکردنی زەویەکان بەپێی پێورەکانی هاتوو لە ڕێنمای دابەشکردنی زەوی فەرمانبەران و تێیدا بنەمای شەفافیەت و دادپەروەری جێ بەجێ دەکرێت.
پشت بەخوای گەورە هیچ کەس نامێنێتەوە لە سنووری شارەوانیمان کە زەوی وەرنەگرتبێت کە زیاد لە ٤٠٠٠ چوار هەزار هاوڵاتی سوومەند دەبن لەم دابەشکردنە بۆ ئەم کارەش پێویستە سوپاسی تایبەتی ئەم کەس و لایەیانەی خوارەوە بکەین کە هاوکار و یارمەتیدەری تەواوکردنی کارەکانمان بوون:
١-بەڕێز ئەندازیار ئاسۆ شێرکۆ بەڕێوەبەری گشتی شارەوانیەکانی سلێمانی و کاک عوسمانی لێپسراوی بەشی نەخشەی بنەڕەتی و ڕووپێوی بەڕێوەبەرایەتی ناوبراو و فەرمانبەرەکانی ئەو بەشە
٢-کاک سەرهەدی بەڕێوەبەری نەخشەدانانی ئاوەدانی سلێمانی و کاک سالاری لێپسراوی بەشی دیزاینی بەڕێوەبەرایەتی ناوبراو و فەرمانبەرانی ئەو بەشە
٣-ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانیمان کاک جەبار و کاک ئەکبەر و کاک ئەکرەم و کاک سەلاح و کاک نجمەدین
٤-فەرمانبەرانی شارەوانیمان هەر یەک لە ئەندازیاران لەیلاخان و کاک ئەحمەد و ژیانخان و ڕووپێوکاران هەر یەک لە کاک تەیفور و کاک کاروان و کاک ئاسۆ و ئەمیرەخان و کاک ئیدریس و کاک توانای فەرمانبەر کە لەماوەی کارکردنمان لەسەر ئامادەکردنی نەخشەکە زۆر دڵسۆزانە کاریان دەکرد سەرەڕای دواکەوتنی مووچە و کەمی دەوام و نەبوونی بودجەی پێویست توانیان ئەم ئەرکە بگەیەننە کۆتایی.
سالار ئەحمەد ڕەشید سەرۆکی شارەوانی شارەزوور
|