" سێ بەرهەمی دابەزاندنی کێش لەبازارەکانی هەرێم قەدەغەکرا مەترسی بۆ دڵ هەبووە "

4   کاتژمێر پێش ئێستا  323 جار خوێنراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتیی کۆنترۆڵی جۆریی دەرمان لە هەرێمی کوردستان، بەهۆی بوونی ماددەی شاراوەی مەترسیداری "سیبوترامینەوە" بڕیاری کشانەوەی سێ بەرهەمی دابەزاندن و زیادکردنی کێشی لە بازاڕەکان دا.

بەڕێوەبەرایەتیی کۆنترۆڵکردنی هێنان و دروستکردنی دەرمان و ئامێر و پێداویستیی پزیشکی لە هەرێمی کوردستان  (KMCA)، بڕیاری کشانەوەی سێ بەرهەمی لە بازاڕەکانی دەرماندا دا بە ناوەکانی (چای جنسینگ، قاوەی رۆما و قاوەی میلانۆ)، ئەو بەرهەمانە وەک تەواوکاری خۆراک و بەرهەمی تەندروستی بۆ دابەزاندنی کێش بەکاردەهێندران.

لەم بارەیەوە د.عیسا عەبدولرەحمان عیسا، بەرپرسی هۆبەی هۆشیاری و تەندروستیی دەرمان لە بەڕێوەبەرایەتییەکە بە میدیاکانی راگەیاندووە، لە چوارچێوەی بەدواداچوونی بەردەوامی تیمەکانی چاودێریی بازاڕ بۆ سەرجەم بەرهەمە پزیشکی و تەندروستی و تەواوکارە خۆراکییەکان و پێداچوونەوە بە بەرهەمەکانی دابەزاندن و زیادکردنی کێش، تیمەکانیان نموونەی ئەو بەرهەمانەیان لە بازاڕ وەرگرتووە و رەوانەی تاقیگەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان کردوون بۆ پشکنین.

د.عیسا عەبدولرەحمان ئاماژەی بەوەشداوە، تیمەکانی تاقیگە شیکاریی کیمیایی وردیان بۆ ئەو سێ بەرهەمە  کردووە و لە ئەنجامدا دەرکەوتووە ماددەیەکی شاراوەیان تێدایە بە ناوی (سیبوترامین)، بەبێ ئەوەی پێشتر لەلایەن کۆمپانیای دروستکەر و کۆمپانیای هاوردەکارەوە لەسەر پاکەتەکان ئاماژەی پێ درابێت.

وتیشی، ماددەکە کێشە بۆ دڵ و کۆئەندامی سووڕان دروست دەکات، دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی پەستانی خوێن و نەخۆشییەکانی دڵ و رەنگە ببێتە هۆی جەڵتەی دڵیش.

بەرپرسەکەی بەڕێوەبەرایەتیی کۆنترۆڵی دەرمان داوا لە سەرجەم هاووڵاتییان دەکات بە هیچ جۆرێک ئەو سێ بەرهەمە بەکارنەهێنن و ئەگەر لە لایانە دەستبەجێ رایبگرن. هاوکات داوای لە سەرجەم دەرمانخانە و کۆگاکانی دەرمان کرد مامەڵەی کڕین و فرۆشتن بەو بەرهەمانەوە رابگرن، بەپێچەوانەوە دووچاری رێکاری یاسایی دەبنەوە.

سەبارەت بە هەبوونی ستیکەری کواڵێتیی کۆنترۆڵی دەرمان لەسەر ئەو بەرهەمانە، عیسا عەبدولرەحمان روونی کردەوە، پڕۆسەی کشانەوەی دەرمان و بەرهەمی تەندروستی لە سەرانسەری جیهاندا پڕۆسەیەکی یاسایی و زانستییە و دوای خستنەبازاڕی بەرهەمەکان دەکرێت. ئەوەشی خستەروو، راستە ستیکەریان پێ دراوە و پێشتر سەرجەم فلتەرەکانیان بڕیوە، بەڵام دواتر لە رێگەی تیمەکانی چاودێریی بازاڕ و هۆبەی چاودێریی دەرمانەوە چاودێریی لێکەوتەکانیان دەکرێت، لە کاتی پشکنینی دووبارەی تاقیگەکانیشدا دەرکەوتووە کێشە لە داڕشتنیاندا هەیە و ئەو ماددە شاراوەیەیان تێدایە، بۆیە بەپێی هەڵسەنگاندنی سوود و مەترسی بڕیاری کشانەوەیان دراوە.

د. عیسا عەبدولرەحمان جەختی لەوە کردەوە، پێویستە هاووڵاتییان خۆیان بەدوور بگرن لە کڕینی دەرمان لە خۆیانەوە یان لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئۆنڵاینەوە، چونکە دەبێت هەموو بەرهەمێکی دابەزاندن و زیادکردنی کێش و هەر بەرهەمێکی پزیشکی و تەندروستی تەنیا لە رێگەی پزیشک و دەرمانسازەوە وەربگیرێت. گوتیشی، پێویستە ئەو کەسانەی پێشتر ئەو سێ بەرهەمەیان بەکارهێناوە دەستبەجێ رایبگرن و ئەگەر هەستیان کرد دۆخی تەندروستییان جێگیر نییە، سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکەن.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە