"یەدەگی دۆلار بۆ 80 ملیار بەرزبووەتەوە، کاروانی نوێی دۆلار بەڕێوەیە"

35   خولەک پێش ئێستا  9 جار خوێنراوەتەوە

بانکی ناوەندیی عێراق ڕایدەگەیەنێت؛ یەدەگی دۆلاری وڵاتەکە بەشێوەیەکی بەرچاو بووژاوەتەوە و گەیشتووەتە نزیکەی 80 ملیار دۆلار، هاوکات دڵنیاییش دەداتە هاووڵاتییان لە بەردەستبوونی دۆلاری نەختینە و گەیشتنی چەندین کاروانی نوێ لە ڕۆژانی داهاتوودا.

مەحمود داغر، ڕاوێژکار و وتەبێژی بانکی ناوەندی بە ڕۆژنامەی فەرمیی ڕاگەیاندووە، دوای ئەوەی یەدەگی دۆلار بۆ 73 ملیار دۆلار دابەزی، لە مانگەکانی ئەیلول و تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا بۆ نزیکەی 80 ملیار دۆلار بەرزبووەتەوە، ئەوەش بەهۆی داهاتی هەناردەی نەوتەوە بووە کە گەیشتووەتە نزیکەی شەش ملیار دۆلار، یەدەگی ئاڵتوونیش وەک خۆی لە 170 تۆن جێگیرە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق خۆی سەرپەرشتیی گەیشتنی کاروانەکانی دۆلار دەکات و تا ئێستا دوو فڕۆکە گەیشتوون کە هەر یەکەیان نیو ملیار دۆلاری هەڵگرتووە. بەهۆی بەردەستبوونی نەختینەشەوە، ئێستا گەشتیاران دەتوانن ساڵانە شەش جار پشکی دۆلار وەربگرن لەبری دوو جار.

لەبارەی پاراستنی یەدەگەکانیشەوە، وتەبێژەکەی بانکی ناوەندی ڕوونیکردووەتەوە؛ دانانی زۆرینەی پارەی عێراق لە بانکی فیدراڵیی ئەمەریکا بڕیارێکی هونەری و زانستییە نەک سیاسی، چونکە هێشتا کێشەی یاسایی لەسەر بانکە حکومییەکانی عێراق لە دەرەوە یەکلایی نەکراونەتەوە و ئەو هەنگاوە پارەکان لە مەترسی دەپارێزێت.

شارەزایانی ئابووری ئاماژە بەوە دەکەن کە بەرزبوونەوەی یەدەگی دراو بۆ ئەم ئاستە، ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە ڕاگرتنی هاوسەنگیی بەهای دینار لە بەرامبەر دۆلاردا و ڕێگری دەکات لە هەڵئاوسانی نائاسایی لە بازاڕەکانی ناوخۆدا.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە