نرخی فەرمیی ڕاگرتنی ئۆتۆمبێل لە گەراجەکان دیاریکران
43 خولەک پێش ئێستا
25 جار خوێنراوەتەوە
بە مەبەستی ڕێگریکردن لە وەوەرگرتنی پارەی زیادە لە هاووڵاتییان و ڕێکخستنەوەی کەرتی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، لایەنە پەیوەندیدارەکان نرخنامەیەکی نوێی فەرمییان بۆ ڕاگرتنی ئۆتۆمبێل لە گەراج و پارکینگە گشتی و تایبەتەکاندا دیاریکرد.
بەپێی ڕێنماییە نوێیەکان، هەموو خاوەن گەراج و پارکینگێک موڵزەمن بە پابەندبوون بەو نرخە فەرمییانەی کە لەلایەن لێژنە قایمقامییەکان و بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆوە پەسەندکراون. نرخەکان بەپێی شوێنی پارکینگەکە (ناو بازاڕ، شوێنە گەشتیارییەکان، یان دەرەوەی شار) و جۆری ئۆتۆمبێلەکە و ماوەی وەستان (بە کاتژمێر یان بڕی جێگیر بۆ شەو و ڕۆژ) پۆلێن کراون.
قائیمقامیەتی سلێمانی نرخی فەرمیی ڕاگرتنی ئۆتۆمبێلی لە گەراجەکان دیاریکرد و داوا لە هاووڵاتییان دەکات لە کاتی وەرگرتنی پارەی زیاتر یان بینینی سەرپێچی، لە ڕێگەی ژمارە (07708677777)ەوە سكاڵا تۆمار بکەن.
بابان ئەحمەد، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی ڕایگەیاند؛ بۆ ماوەی پێنج کاتژمێر مانەوە، نرخی گەراجی زەوی خۆڵ 1000 دینار، زەوی کۆنکرێت و سەرگیراو 1250 دینار و گەراجی داخراو 1500 دینارە. لە دوای ئەو ماوەیەش نرخەکە دەبێتە دوو هێندە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەکارهێنانی شەقام و شۆستە لەلایەن گەراجەکانەوە قەدەغەیە و دەبێت کارمەندەکانیان مۆڵەتی شۆفێرییان هەبێت، هەروەها دانانی کامێرای چاودێری مەرجی سەرەکییە. هەر خاوەن گەراجێکیش سەرپێچی بکات، لە 50 هەزارەوە تا پێنج ملیۆن دینار غەرامە دەکرێت، یان مۆڵەتەکەی لێ دەسەندرێتەوە.
|