عەلی زەیدی 69 بەرپرس و ڕاوێژکاریی نوسینگەکەی دوورخستەوە
39 خولەک پێش ئێستا
31 جار خوێنراوەتەوە
سەرۆکوەزیرانی عێراق گرێبەستی کارکردنی 69 بەرپرس و ڕاوێژکاری نووسینگەکەی هەڵدەوەشێنێتەوە و چەند بەرپرسێکی کوردیشیان تێدایە.
بەپێی فەرمانێکی کارگێڕیی نووسینگەی سەرۆکوەزیران بە ژمارە 1024 کە لە 22ـی ئەم مانگەدا دەرچووە و وێنەیەکی دەست ٧ڕۆژ کەوتووە، لەسەر ڕاسپاردەی عەلی زەیدی سەرۆکوەزیران و لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیدا، گرێبەستی 69 فەرمانبەر و ڕاوێژکاری نووسینگەی سەرۆکوەزیران کۆتایی پێهێنراوە؛ لیستەکەش بە ناوی ئەسیر داود سەلمان غرێری، وەزیری پێشووی بازرگانی دەستپێدەکات و بە وەلید عەبدولغەفار محەممەد ڕەزا کۆتایی دێت.
لە فەرمانەکەدا هاتووە کە بڕیارەکە دەستبەجێ دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و هێشتا ئەستۆپاکی لە سامانی دەوڵەت بۆ ئەو 69 کەسە نەکراوە، بۆیە مۆڵەتی تەنیا 10 ڕۆژیان پێدراوە تاوەکو هەموو ئەو ماڵ و موڵکە گشتییانەی لایانە بگەڕێننەوە و بەڵگەی ئەستۆپاکی پێشکەش بە نووسینگەی سەرۆکوەزیران بکەن.
ئەم فەرمانە کارگێڕییە بە واژۆی عەلی لامی، بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیران بە وەکالەت دەرچووە؛ هاوکات گشتاندنی بۆ سەرجەم بەشە پەیوەندیدارەکان کردووە بۆ ئەوەی ڕێکاری خێرا بگرنەبەر و باجی فەرمیی چوونەژوورەوەی ئەنجوومەنی وەزیران و باجەکانی ناوچەی سەوز لە تەواوی ئەو کەسانە وەربگرنەوە.
|