وەزیری ناوخۆی فەڕەنسا دەستی لەکارکێشاوەتەوە، خۆپیشاندان لەکۆنترۆڵ دەرچووە
58 خولەک پێش ئێستا
220 جار خوێنراوەتەوە
خۆپیشاندان و گرژییەکانی فەڕەنسا بەردەوامە، تەنیا لە کاتژمێرە سەرەتاکانی ئەمڕۆ زیاتر لە 350 خۆپیشاندەر دەستگیرکراون و وەزیری ناوخۆی فەڕەنساش دەڵێت، پۆلیس کۆنترۆڵی لەدەستداوە.
لاورێنت نونێز، وەزیری ناوخۆی فەڕەنسا بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند، ناتوانن وەک پێویست ڕووبەڕووی خۆپیشاندەران ببنەوە. دەشڵێت، خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت بەرامبەر هەموو ئەو پێشهاتانەی ڕوودەدەن و بەو هۆیەشەوە دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەش بە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی وڵاتەکە کردووە، بەڵام تاوەکوو ئێستا ماکرۆن دەستلەکارکێشانەوەکەی قبووڵ نەکردووە.
خۆپیشاندان و توندوتیژییەکان تەنیا لە شاری پاریسی پایتەخت نەماوەتەوە و تەشەنەی سەندووە بۆ چەندین شاری گەورەی دیکەی فەڕەنسا، لە مارسیلیا زیاتر لە 30 هەزار کەس ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و نزیکەی 100 کەس بە تۆمەتی تاڵانکردنی دووکان و شوێنە گشتییەکان دەستگیرکراون.
تەنانەت وڵاتانی دیکەی ئەوروپاش ڕووبەڕووی هەمان کێشە دەبنەوە و لە ئیتاڵیا هەزاران کەس ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و باری لەناکاو ڕاگەیەنراوە، لە ئەلبانیاش خۆپیشاندانە بەرفراوانەکان پێی نایە شەشەم ڕۆژ و هاووڵاتییان داوای دەستلەکارکێشانەوەی ئێدی ڕاما، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە دەکەن، بەڵام ڕاما ڕەتی دەکاتەوە دەستبەرداری پۆستەکەی ببێت.
|