ماڵپەڕ و ئەپڵیکەیشنەکانی قومار و گرەوکردن لە کوردستان دادەخرێن

1     کاتژمێر پێش ئێستا  279 جار خوێنراوەتەوە

ماڵپەڕ و ئەپڵیکەیشنەکانی قومار و گرەو لە هەرێمی کوردستان دادەخرێن، لەبەرئەوەی زیانی زۆری بە شیرازەی دەیان خێزانی کوردستان و عێراق گەیاندووە.

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان نووسراوی بۆ کۆمپانیاکانی هێڵی ئینتەرنێت کردووە بە ئیمزای ئانۆ جەوهەری وەزیر، دەبێت لەماوەی 15 ڕۆژدا هەرچی ماڵپەڕی قومار و گرەوکردن هەیە بلۆک بکرێن و دایان بخەن.

وەزارەت لیستێکی بۆ کۆمپانیاکان ناردووە 71 ماڵپەڕ و ئەپڵیکەیشن و پلاتفۆڕمی تێدایە و داوای داخستنی هەموویان دەکات و دەڵێت: "ئەمانە ئاسایشی کۆمەڵایەتی تێک دەدەن".

لەم ماڵپەڕ و ئەپڵیکەیشنانە بەشێوەی ڕاستەوخۆ یان نا ڕاستەوخۆ یاری قومار و گرەویان تێدا دەکرێت، لە ماوەی ڕابردوودا ماڵی چەندین کەسیان وێران کردووە، سەدان و هەزاران کەس تووشی زیانێکی زۆر بوون، هەندێک خەڵکیش هەر مایەپووچ بوون و خێزان هەڵوەشاوەتەوە. 

لە نووسراوەکەدا هۆشداری بە کۆمپانیاکانی هێڵی ئینتەرنێت دراوە، لە ڕۆژی دەرچوونی نووسراوەکەوە، تەنیا دوو هەفتەیان لەبەردەمە تا هەموو ماڵپەڕ و ئەپڵیکەیشنەکان بلۆک بکەن، ئەگەر کەمتەرخەمی بکەن یان نەیکەن، وەزارەت دەڵێت، ڕووبەڕووی توندترین ڕێکاری یاساییان دەکەینەوە. 

جگە لەمە وەزارەت کۆمپانیاکان ناچار دەکات، هەموو مانگێک ڕاپۆرتی خۆیان پێشکەش بکەن سەبارەت بەوەی چیان کردووە بۆ داخستنی ئەمجۆرە ماڵپەڕ و ئەپڵیکەیشنانە.

لەگەڵ ئەوەشدا هەر ماڵپەڕ و ئەپڵیکەیشنێکی نوێ دروست ببێت، پێویستە کۆمپانیاکان دەستوبردی لێ بکەن و زوو دایبخەن. 

ئەم ماڵپەڕ و ئەپڵیکەیشنانە چەندین جۆر قومار و گرەویان تێدا دەکرێت، هەندێکیان تایبەتن بە یارییە وەرزشییەکان، بۆنموونە لەم ماوەیەدا کلاسیکۆ هەیە، خەڵک لە ئێستاوە گرەو دەکەن هەندێک دەڵێن بەرشلۆنە دەیباتەوە، هەندێکیش دەڵێن ڕیاڵ، ئینجا هەریەکە و چەند گۆڵ دەکەن، یان کام یاریزان گۆڵ دەکات، بەمشێوەیە پارەی خەیاڵی تێدا بەفیڕۆ دەدرێت.

بەشێکی زۆر لەم قومارخانە ئەلیکترۆنییانە بەکارهێنەریان لە عێراق و کوردستان زۆرە، وەکو وەن ئێکس بێت، مێل بێت، مۆست بێت، وەن وین و بێتفیناڵ، تەنانەت هەندێکیان زمانی کوردیشیان زیادکردووە، بەڵام ئیتر ئەوە نامێنێت، هەموویان بلۆک دەکرێن.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە