وەزیری دارایی : کەمتەرخەمی لە هیچ وەزارەتێک قبووڵ ناکەین
5 کاتژمێر پێش ئێستا
103 جار خوێنراوەتەوە
وەزیری دارایی لەگەڵ بەڕێوەبەری بانکەکان و گەنجینەکانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین کۆبووەوە و پێی وتن: "کەمتەرخەمی لە هیچ وەزارەتێک قبووڵ ناکەین".
وەزارەتی دارایی لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان باسی لە "کێشە و گرفتی هاووڵاتییان، فەرمانگەکان، بەڵێندەران و کۆمپانیاکان لەو سنوورە" کرد و جەختی "لە لابردنی سەرجەم ئاستەنگەکانی بەردەم بانکەکان کردەوە".
ئاوات شێخ جەناب لە کۆبوونەوەکەدا وتوویەتی: "نابێت لە هیچ بانکێک کێشە و گرفت بۆ هاووڵاتییان، فەرمانگەکان و بەڵێندەران دروست بکرێت، بە پێچەوانەوە هەر کێشەیەکی نەخوازراو بەدەر لە یاسا و رێنماییەکان دروست بکرێت، رێکاری یاسایی پێویست لەگەڵ بەڕێوەبەری بانکەکان دەکرێت".
وەزیری دارایی ئاماژەی بەوە کردووە "نابێت لە هیچ بانکێک دەستکاریی پارەی هاووڵاتییان ( ئەمانات، پارەدانان، دابینکردن و هتد) بکرێت، بە پێچەوانەوە رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبنەوە".
لەبارەی پارەی مووچەش، وەزیری دارایی بە بەڕێوەبەری بانک و گەنجینەکانی گوتووە: "بە هیچ جۆرێک نابێت لە ژێر هیچ بیانوویەکدا پارەی تەرخانکراو بۆ مووچە بۆ هیچ بوارێکی دیکە بەکاربهێندرێت"، ئەوە بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دارایی.
وەزارەتەکە لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا، ئاماژەی بە قسەیەکی دیکەی وەزیری دارایی کردووە دەڵێت، وەزیر رایگەیاندووە، لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی سەرپێچییەکان لەلایەن هەر کەس و لایەنێک، "داوا لە فەرمانبەران، مووچەخۆران و بەڵێندەران دەکەین راستەوخۆ وەزارەتمان ئاگادار بکەنەوە تاوەکو رێکاری پێویست بگرینەبەر".
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا وەزیری دارایی وتی: "لە نزیکەوە چاودێریی بەڕێوەچوونی کاروباری بانکەکان و جێبەجێکردنی بڕیارەکان دەکەین و کەمتەرخەمی و چاوپۆشی لە هیچ بانکێک قبووڵ ناکەین".
|