"هەر شوێنێک لە هەرێمی کوردستان نرخی کاڵاکان گران بکات سزا دەدرێت"

1     کاتژمێر پێش ئێستا  127 جار خوێنراوەتەوە

گۆڕینی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار مەترسیی گرانبوونی کاڵا و شتومەکی لە بازاڕ دروست کردووە، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی دەڵێت: هەر کەس نرخی کاڵا گران بکات سزا دەدرێت.

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە: بڕیارەکە ئەمشەو دەرچووە و لە ئەمڕۆوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، هەر بەرزبوونەوە و نزمبوونەوەیەک لە نرخی دراو کاریگەری لەسەر نرخی کاڵا و شتومەک دەبێت، بۆ ئاستەکانی کورتخایەن، مامناوەند و درێژخایەن، کێشەی ئەوەیە ئێمە هاوردەمان لە هەناردە زیاترە.

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی دەڵێت: لیژنەکانی چاودێریی بازاڕ لە سەرجەم شارەکان فراوان دەکەین و سەردانەکان زیاتر دەکەین، لە هەفتەی داهاتووەوە سەردانی بازاڕەکان دەکەین، تەماشای مەنەفێستی کاڵاکان دەکەین، ئەگەر پێش 7-10-2026 کاڵاکانیان هێنابێت، ئەوا دابەزینی دینار بەرامبەر بە دۆلار کاریگەری لەسەر نرخەکانیان نابێت، بۆیە ئەگەر نرخەکانیان زیاد کردبێت لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەکەین.

نەوزاد شێخ کامیل وتیشی: ئەوانەشی کاڵایان کڕیوە تا دوو مانگی دیکە دەگاتە کوردستان، بۆ ئەوەی خەڵک ترسی گرانیی نرخی لا دروست نەبێت، ئێمە ڕێنمایی دەردەکەین، داواش لە هاووڵاتیان دەکەین بەپێی پێداویستیی خۆیان شت بکڕن، چونکە هەندێک شوێن بزانن خواست لەسەر کەلوپەلەکانیان زۆرە، ئەوا نرخەکان بەرز دەکەنەوە، ئێستا کاڵا و کەلوپەلی خۆراکی لە بازاڕ و کۆگاکاندا زۆرە، لە 10ی ئەم مانگەش بەشەخۆراکی شەشەم دابەش دەکرێت، بۆیە مەترسی لەسەر کەمیی خۆراک لە بازاڕدا نییە.

سەبارەت بە سزای سەرپێچیکاران، نەوزاد شێخ کامیل ئاماژەی بەوەشکرد: سێ جۆر سزامان هەیە، لە هەنگاوی یەکەمدا سزای دارایی لە 50 هەزار دینار تا پێنج ملیۆن دینارە و ئەمەش لە دەسەڵاتی وەزیردایە، هەنگاوی دووەم داخستنی شوێنەکەیە لە سێ ڕۆژ بۆ 10 ڕۆژ، هەنگاوی سێیەم ئەگەر سەرپێچییەکە دووبارە بکاتەوە، یان سەرپێچییەکەی گەورە بێت پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ دەکەینەوە و دەدرێتە دادگا.

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی داوا لە هاووڵاتیان دەکات، لە هەر شوێنێک نرخی کاڵاکان گران کرابوو، ئەوا لە ڕێی ئەو ژمارانەی لیژنەکانی چاودێریی بازاڕەوە پەیوەندییان پێوە بکەن، بە دڵنیایییەوە لێپێچینەوە دەکرێت.

- ژمارەکانی لیژنەی چاودێریی بازاڕی هەولێر: 07508918488 - 07508918489
-ژمارەی لیژنەی چاودێریی بازاڕی سلێمانی: 07708677777
-ژمارەی لیژنەی چاودێریی بازاڕی دهۆک: 07503188661


   ئەمانەش بخوێنەرەوە