حکومەتی عێراق بەهای دیناری بەرامبەر بە دۆلار دابەزاند
1 کاتژمێر پێش ئێستا
35 جار خوێنراوەتەوە
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی دوێنێیدا بڕیاری دا بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار دابەزێنێت، لەمەدوا بەهای دۆلارێک لە 1300 دینارەوە دەبێت بە 1500 دینار.
بەگوێرەی نوسراوێکی فەرمی کە دوێنێ سێشەممە 6ـی تشرینی یەکەم، بە واژۆی حەمید غەزی، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڵاوکراوەتەوە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی دوێنێیدا بڕیاری ژمارە 544ـی دەرکرد، ناوەڕۆکی بڕیارەکە بەم جۆرەیە:
- نرخی کڕینی دۆلار لە وەزارەتی دارایی: 1500 دینار بۆ هەر دۆلارێک.
- نرخی فرۆشتنی دۆلار بە بانکەکان: 1510 دینار بۆ هەر دۆلارێک.
- نرخی فرۆشتنی دۆلار بە هاووڵاتیان: 1520 دینار بۆ هەر دۆلارێک.
نرخی 100 دۆلار بۆ وەزارەتی دارایی دەبێتە 150 هەزار دینار، نرخی 100 دۆلار بۆ بانکەکان دەبێتە 151 هەزار دینار، بۆ هاووڵاتییانیش هەر 100 دۆلارێک دەبێتە 152 هەزار دینار.
ئەم بڕیارەی حکومەتی عێراق بەتەنیا 19 تریلیۆن و 203 ملیار دینار داهات بۆ حکومەت زیاد دەکات، بەمەش کورتهێنان لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی داهاتوودا، لە 62 تریلیۆن و 208 ملیار دینارەوە بۆ 41 تریلیۆن و 931 ملیار دینار کەم دەبێتەوە.
ڕۆژی 19ـی مانگی 12ـی ساڵی 2020 و لەسەردەمی حکومەتەکەی مستەفا کازمیدا، بەهای هەر دۆلارێک لە 1182 دینارەوە بۆ 1460 دینار بەرزکرایەوە، بەڵام ڕۆژی 7ـی شوباتی ساڵی 2023 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەسەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی کۆبووەوە و بڕیارێکی بانکی ناوەندی بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دینار پەسەند کرد، بەجۆرێک بەهای دۆلارێک لە 1460 دینارەوە بۆ 1300 دینار دابەزێینرا و بە 1320 دینار دەگەیشتە دەستی خەڵک، ئەم بڕیارە تا بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 7ـی تشرینی یەکەم بەردەوام بوو، لە ئەمڕۆشەوە کار بە نرخە نوێیەکان دەکرێت.
|