ناردنی پارەی هاوپەیمانان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە کۆتاییهات
1 کاتژمێر پێش ئێستا
376 جار خوێنراوەتەوە
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاندووە، بەگوێرەی رێککەوتنی پێشوویان لەگەڵ هاوپەیمانان، پارەی هاوکاریی دارایی بۆ پێشمەرگە دەبڕدرێت و ئەمڕۆ دوایین هاوکاری هاوپەیمانان دابەش دەکرێت.
میدیای پارتی بەناوی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وەزارەتی پێشمەرگە بڵاویکردووتەوە: "بەپێی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن، ئەم رێککەوتننامەیە لە 21-9-2022 بۆ 21-9-2026 بوو بۆ ماوەی 4 ساڵ، ئێستا یاداشتەکە کۆتایی هاتووە، بەم جۆرە ناردنی پارەکەش لەلایەن هاوپەیمانانەوە کۆتاییهات".
ئەو سەرچاوەیەی وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە: "ئەم پارەیە کۆتایی دێت، بەڵام لە ماوەیەکی نزیکدا ئەگەری یاداشتێکی بەهێزتر و فراوانتر هەیە و ئومێدمان وایە، لەم قۆناغی یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی وەک ئەڵمانیا، بەریتانیا، ئیتاڵیا و فەرەنسا لە هاوکاری و پشتگیریی نێودەوڵەتی بۆ هێزی پێشمەرگەی یەکگرتووی کوردستان بەردەوام بن".
هاوکارییەکەی هاوپەیمانان بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بوو، 21ی ئەیلوولی 2026 وەزارەتی پێشمەرگە بە فەرمی یەکخستنەوەی هەموو هێزەکانی راگەیاند.
پێشتر شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە لەبارەی بەردەوامبوونی هاوکاریی هاوپەیمانان بە رووداوی ڕایگەیاند: "رێککەوتنەکەمان بۆ ماوەی چوار ساڵ بوو. ئەو یارمەتییە داراییەی تەرخانیان کردبوو بۆ هێزی پێشمەرگە، ساڵی یەکەم ئەگەر لە 100% بووبێت، ساڵی دووەم لە 25%ی کەم کرایەوە، ساڵی سێیەم 50%، هەموو ساڵێک لە 25%ی کەم کرایەوە، ساڵی 2026، 25%کەش نامێنێت."
دوێنێ وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە 24ی ئەیلوول، هاوکاریی دارایی هاوپەیمانان بۆ مانگەکانی 8 و 9ی ساڵی 2026 دابەش دەکرێت. سەرچاوەکەی رووداو گوتی: "ئەوە دوایین هاوکاری بوو بەگوێرەی رێککەوتنەکە".
|