پێدانی دۆلار بە گەشتیاران لە فڕۆکەخانەکانی هەرێم دەستپێدەکاتەوە
1 کاتژمێر پێش ئێستا
31 جار خوێنراوەتەوە
وەرگرتنی دۆلار بە نرخی فەرمیی بانکی ناوەندی لە فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان دەدرێتە دوو کۆمپانیا و بەمنزیکانە پێدانی دۆلار بە گەشتیاران دەستپیدەکاتەوە.
کەناڵی ڕووداو بڵاویکردەوە، تا ئێستا بانکی ناوەندی رەزامەندیی بە دوو کۆمپانیا داوە، کە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی لە سلێمانی و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر پایتەختی دۆلار بە نرخی فەرمی بۆ گەشتیاران دابین بکەن.
ئاماژەی بەوەشکردووە: "بانکی ناوەندی داوای لە هەرێمی کوردستان کردبوو نوێنەری خۆیان بۆ وەرگرتنی دۆلار لە بانکی ناوەندی و گواستنەوەی بۆ فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان دەستنیشان بکەن. هەردوو فڕۆکەخانەکە نوێنەری خۆیان دیاریکردووە، بڕیارە بەم نزیکانە لە رێگەی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە رەوانەی بەغدا بکرێت.
بانکی ناوەندیی عێراق 100 دۆلار بە 131 هەزار دینار دەداتە بانک و کۆمپانیاکان و ئەوانیش بە 132 هەزار دینار بە گەشتیارانی دەفرۆشن، هەر گەشتیارێک دەتوانێت 2000 دۆلار لە بانکی ناوەندی بەو نرخە بکڕێت.
بەهۆی ئەوەی لە فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان پێدانی دۆلار بە گەشتیاران نییە، ئەو هاووڵاتییانەی هەرێمی کوردستان کە گەشتیاریان دەکرد بۆ ئەوەی سوودمەندبن لەو دۆلارە، ناچار دەبوون لە فڕۆکەخانەکانی دیکەی عێراقەوە گەشت بکەن.
د.رێبوار کەریم، ئەندامی پەرلەمانی عێراق کە بەدواداچوونی بۆ ئەو پرسە کردووە بە ٧ڕۆژی راگەیاند، دیاریکردنی نوێنەری فڕۆکەخانەکان دوا قۆناغی دەستپێکردنی پێدانی دۆلاری بانکی ناوەندییە بە گەشتیاران لەلایەن ئەو دوو کۆمپانیایەی کە رێگەپێدانیان بۆ کراوە.
رێکارەکانی پێدانی دۆلار بە گەشتیاران چەند مەرجێکی هەیە، دەبێت تکتی فڕۆکەی گەشتیار ئامادە بێت و بۆ ئەو وڵاتانە نەبێت کە ئەو دۆلارە نایانگرێتەوە.
هەروەها بەپێی زانیارییەکان"ئەگەر رێکارەکان بەم شێوەیە بەرەوپێش بچن و وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن نووسراوەکە بگەڕێنێتەوە بۆ بانکی ناوەندیی عێراق، پێشبینی دەکرێت لە دوو هەفتەدا پێدانی دۆلار لە فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە".
|