بانکی ناوەندی بڕیارێکی لەبەرژەوەندی کۆمپانیاکانی هەرێمى کوردستان دەرکرد
1 کاتژمێر پێش ئێستا
236 جار خوێنراوەتەوە
بانکی ناوەندیی عێراق بڕیارێکی پێشووی هەڵدەوەشێنێتەوە و رێگە دەدات لەمەدوا ئەنجوومەنی پیشەیی چاودێری و وردبینیی ژمێریاریی هەرێمی کوردستان وردبینی بۆ کۆمپانیاکانی سنووری دەسەڵاتی بکات، ئەو بڕیارەش لە بەرژەوەندیی بازرگاناندایە.
بڕیارەکەی بانکی ناوەندی ، لە 16ی ئەیلولی 2026 دەرچووە و تێیدا ناوەڕۆکی نووسراوێکی پێشووی خۆی هەڵوەشاندووەتەوە کە لە 8ی تشرینی دووەمی 2024 دەریکردبوو، کە بەهۆیەوە بانکی ناوەندی ئەو زانیارییە داراییانەی کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستانی پەسند نەدەکرد، ئەگەر لەلایەن ئەنجوومەنی پیشەیی چاودێری و وردبینیی ژمێریاریی بەغداوە نەکرابووایە.
هەڵوەشاندنەوەى ئەو بڕیارە وا دەکات لە مەودوا راپۆرتى وردبینى ئەنجوومەنی پیشەیی چاودێری و وردبینیی ژمێریاریی هەرێمى کوردستان بۆ کۆمپانیاکان لەلایەن بانکى ناوەندییەوە وەربگیرێت.
گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر بە رووداوی راگەیاندووە، ئەو بڕیارەى بانکى ناوەندى لە رۆژی یەکشەممەوە 20ی ئەیلوول لە بانکەکان دەست بە جێبەجێکردنی کراوە.
ئەو وردبینییە بەشێکە لە رێکارەکانی بانکی ناوەندی بۆ ئەوەی کۆمپانیاکان سوودمەند بن لە کڕینی دۆلار بە نرخی فەرمی بۆ هاوردەکردنی کاڵا.
گەیلان حاجی سەعید رایگەیاند، پێشتر کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان دەبووایە لە بەغدا ئەو وردبینییەیان بکردایە و ناچار دەبوون کە دووجار باج لە هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بدەن، ئەوە جگە لەوەی ئەو بڕیارەی بانکی ناوەندی ئاسانکاری بۆ بازرگانان دەکات بۆ دەستگەیشتن بە دۆلار بە نرخی فەرمی.
16ی ئاب هەردوو ئەنجوومەنی پیشەیی چاودێری و وردبینیی ژمێریاریی بەغدا و هەولێر لەسەر سنووری دەسەڵاتیان رێککەوتن، بەگوێرەی رێککەوتنەکە، هەرکام لەم دوو ئەنجوومەنە وردبینى بۆ کۆمپانیاکانى سنوورى خۆیان دەکەن و وردەکارییەکەی بە نووسراوی فەرمی بۆ بانکی ناوەندیی عێراق دەنێرن.
|