"ئێران باڵە سەربازییەکانی لە عێراق و یەمەن چالاک کردەوە"
1 کاتژمێر پێش ئێستا
36 جار خوێنراوەتەوە
بە مەبەستی زیادکردنی فشار لەسەر دۆناڵد ترەمپ و ئیدارەی ئەمریکا، کۆماری ئیسلامیی ئێران باڵە سەربازییە هاوپەیمانەکانی و گرووپە چەکدارەکانی لە عێراق و یەمەن چالاک کردووە و هەوڵ دەدات ڕێگرى لە هەناردەى نەوتى وڵاتانى ناوچەکە بۆ جیهان بکات.
ڕۆژنامەی واشنتن پۆستى ئەمریکی، سەبارەت بە هەوڵەکانى ئێران بۆ زیادکردنى پێگەى خۆی لە ناوچەکە و ڕێگریکردنى لە هەناردەى نەوت بۆ جیهان، ڕاپۆرتێکى بڵاوکردەوە.
ڕۆژنامەکە لە ڕاپۆرتەکەیدا دەڵێت، ئێران دەستیکردووە بە جێبەجێکردنی ستراتیژییەکی نوێ کە لە ڕێگەیەوە هەوڵ دەدات ڕێگری لە وڵاتانی ناوچەکە بکات لە هەناردەکردنی نەوت لەڕێگەی ئامانجگرتنی ڕێڕەو و دەروازەکانی هەناردەکردن و کۆنتڕۆڵکردنی گەرووی هورمز و بابولمەندەب.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەى بەوەشکردووە، بازاڕە جیهانییەکانی نەوت ئێستا ڕووبەڕووی قەیران بوونەتەوە دوای ڕاگرتنى نزیکەی ٥٪ـى بڕی نەوت لە بازاڕی جیهانیدا بەهۆی ئامانجگرتنی بۆری نەوتی سعودیە لەناو خاکی عێراقەوە، بۆیە نرخی نەوت لە ڕۆژانی داهاتوودا بەرزبوونەوەیەکی گەورە بەخۆوە دەبینێت.
ئەوەش خراوەتەڕوو، ئێران بە مەبەستی زیادکردنی گوشار لەسەر ئەمریکا، باڵە سەربازییە هاوپەیمانەکانی و گرووپەچەکدارەکانی لە عێراق و یەمەن بۆ چالاک کردووە.
ئەوەش لەکاتێکدایە محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران مانگی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو، ئێران ڕێگە نادات نەوت بفرۆشرێت لە ناوچەیەکدا کە خۆمان نەتوانین نەوتی تێدا بفرۆشین.
|