عەلی زەیدی فەرماندەی نوێی ئۆپەراسیۆنەکانی میسان دیاریکرد
44 خولەک پێش ئێستا
24 جار خوێنراوەتەوە
سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، فەرماندەی نوێی ئۆپەراسیۆنەکانی مەیسانی دیاری کرد ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ گەیشتنی لیژنەیەکی باڵای ئەمنی بۆ پارێزگاکە و گرتنەبەری چەندین رێکاری بەپەلە.
سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لیوا روکن عەلی عەبدولحوسێنی وەک فەرماندەی نوێی ئۆپەراسیۆنەکانی مەیسان دیاری کرد".
ئەم فەرمانە دوای ئەوە دێت کە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ عەلی زەیدی فەرمانی لەکارلادانی فەرماندەی پێشووی ئۆپەراسیۆنەکانی پارێزگاکەی دەرکرد.
لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییەدا، ئەمڕۆ شەممە لیژنەیەکی باڵای ئەمنی گەیشتە پارێزگای مەیسان بۆ لێکۆڵینەوە لە ئۆپەراسیۆنی ئەو هێرشە درۆنییانەی کرابوونە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیە.
بەگوێرەی میدیای فەرمیی عێراق، لە چوارچێوەی رێکارە ئەمنییەکاندا دەروازەی سنووریی (شەیب) لە پارێزگای مەیسان تا کاتێکی نادیار بە تەواوی دادەخرێ، جگە لە رێگەدان بە پەڕینەوەی ئەو گەشتیار و زیارەتکارانەی لە هەردوو دیوی عێراق و ئێراندا گیریان خواردووە.
لە پارێزگای بەسرەش، دەروازەی سنووریی (شەلامچە) بە تەواوی بە رووی گەشتیار و زیارەتکاران و جووڵەی بازرگانیدا داخراوە و ئێستا لیژنەی ئەمنیی تایبەتمەند لە دەروازەکەن بۆ لێکۆڵینەوە لە چەند پێشێلکارییەک و داڕشتنی میکانیزمێکی نوێی کارکردن، لە کاتێکدا دەروازەی سنووریی (زرباتییە) لە پارێزگای واست بە کراوەیی ماوەتەوە و لەژێر چاودێریی تووندی ئەمنیدایە.
فەرماندە نوێیەکەی مەیسان، لیوا روکن عەلی عەبدولحوسێن کازم، لە ئایاری 2021 لەلایەن مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی عێراق، دوای ئاڵۆزییە ئەمنییەکانی نێوان هێزە فەرمییەکان و چەکدارانی گرووپەکان، وەک فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەسرە دەستنیشان کرا.
|