گرووپە چەکدارەکان: دوای کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق بڕیاری گفتوگۆ دەدەین
1 کاتژمێر پێش ئێستا
18 جار خوێنراوەتەوە
کۆبوونەوەی نێوان هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان و گرووپە چەکدارەکان، بۆ تاوتوێکردنی پرسی ڕێکخستنى چەک لە لایەن دەوڵەت دواخرا، گرووپەکان دەڵێن با دانوستانەکان بکەوێتە دواى کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق، کە دەکاتە دواى ٣٠ـى ئەیلوول.
میدیا عێراقییەکان سەبارەت بە هۆکارى دواخستنى کۆبوونەوەى لیژنەکەى چوارچێوەى هەماهەنگى و گرووپە چەکدارەکان بۆ ڕێکخستنەوەى چەک،بڵاویانکردەوە، ئەو کۆبوونەوەیەی بڕیاربوو ڕۆژی یەکشەممەى سەرەتای ئەم هەفتەیە لە نێوان نوری مالکی، سەرۆکی هاوپەیمانى دەوڵەتی یاسا و سەرکردەی چوار گرووپە چەکدارەکە بەڕێوەبچێت، بەهۆی ئامادەنەبوونی بزووتنەوەی نوجەبا کۆبوونەوەکە سەرنەکەوتووە و دواخراوە.
ئاماژەیان بەوەش کردووە، کۆبوونەوەکە بۆ کاتێکی نادیار دواخراوە و ئەگەری هەیە بکەوێتە دوای پاشەکشەی تەواوەتی هێزەکانی ئەمریکا، ئەو دەنگۆیانەی باس لە تێکەڵکردنی چوار گرووپە چەکدارەکە لەناو دامەزراوە ئەمنییەکاندا دەکەن دوورن لە ڕاستییەوە، تەواوی میکانیزمەکانی پەیوەندیدار بە ڕێکخستنى چەک و دانوستانەکان بۆ دوای ۳۰ـى ئەیلوول دواخراون.
ئەوەشیان ئاشکراکردووە، ئامانج لە کۆبوونەوەکە هێورکردنەوەی دۆخەکە و ڕێگریکردن بوو لە هەر ئاڵۆزییەک، نەک گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی، هەروەها بزووتنەوەی نوجەبا، کەتائیبی حزبولا، کەتائیبی سەیدشهودا و چەند گرووپێکی تر بە ڕاشکاوی ڕەتیانکردووەتەوە لە ۳۰ـى ئەیلوولدا دەستبەرداری چەکەکانیان ببن، مانەوەی چەکەکانیان بەمەرجى کشانەوەی تەواوەتی هێزە بیانییەکان بەستووەتەوە.
بەپێی قسەى سەرچاوەکان، جگە لە ڕادەستکردنى چەک، بژارەی ڕێکخستنەوە یان سڕکردنی چەکی گرووپەکان وەک چارهسهرێک لە دانوستانەکاندا تاوتوێ دەکرێت.
هاوکات چوارچێوەی هەماهەنگی لیژنەیەکی سێقۆڵی پێکاتوو لە محەمەد شیاع سوودانی، نوری مالکی، و هادی عامری پێکهێناوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی لێکەوتەکانی پرسی چەک و دانوستان لەگەڵ گرووپەکان، هەروەها هاوپەیمانى ئیدارەی دەوڵەت هۆشداری داوە کە دوای ۳۰ـى ئەیلوول، مامەڵە لەگەڵ هەر جووڵەیەکی چەکداری لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت بەپێی یاسای دژە تیرۆر دەکرێت.
|