وەزارەتی خوێندنی باڵا دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندنی راگەیاند
1 کاتژمێر پێش ئێستا
256 جار خوێنراوەتەوە
وەزارەتی خوێندنی باڵا دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندنی راگەیاندو پڕۆسەی خوێندن لە 1ی ئەیلوولی 2026 دەستپێدەكات و لە 30ی حوزەیرانی 2027 كۆتایی دێت، هاوكات داوا لەزانكۆكانیش دەكات بەپێی رێنماییەكان ساڵنامەی خوێندن رەوانەی وەزارەت بكەن بەمەبەستی پەسند كردن.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند: بۆ ساڵی خوێندنی (2026-2027) ساڵنامەی خوێندنی زانكۆ لە 1ی 9ی 2026، دەست پێدەكات و لە 30ی 6ی 2027 كۆتایی دێت، بە ڕێچكەی ئەم خاڵانەی خوارەوە:
1- لەو زانكۆ/ كۆلێژ و پەیمانگایانەی كە سیستمی خوێندنی ساڵانە یان وەرزی پەیڕەو دەكەن، بۆ سیستمی خوێندنی ساڵانە ماوەی خوێندن لە 30 هەفتە كەمتر نەبێت و بۆ سیستەمی خوێندنی وەرزی پێویستە بۆ هەر وەرزێك ماوەی خوێندنی لە 15 هەفتە كەمتر نەبێت، ئەم ماوەیەش رۆژانی تاقیكردنەوە و پشوەكان ناگرێتەوە.
2- لەو زانكۆ/ كۆلێژ و پەیمانگایانەی كە پێواژۆی بۆلۆنیا پەیڕەو دەكەن پێویستە هەر وەرزێكی خوێندن لە 20 هەفتە كەمتر نەبێت، كە لە لایەنی یەكەم 14هەفتە لەهەر وەرزێك بۆ پڕۆسەی خوێندن تەرخان بكرێت، هەفتەكانی تر بۆ خوتۆماركردن و تاقیكردنەوەكان دەبێت، پاڵپشت بە مادەی 3 لەڕێبەری جێبەجێكردنی پێواژۆی بۆلۆنیا لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان.
3- لەو زانكۆ/كۆلێژ و پەیمانگایانەی كە سیستمی خوێندنی 3 وەرزی پەیرەو دەكەن، پێویستە ماوەی هەر وەرزێكی خوێندن لە 13 هەفتە كەمتر نەبێت، كە لایەنی كەم 10 هەفتە بۆ پڕۆسەی خوێندن تەرخانبكرێت، هەفتەكانی تر بۆ خۆ تۆماركردن و تاقیكردنەوەكان دەبێت.
4- لەو زانكۆ/ كۆلێژ و پەیمانگایانەی پێواژۆی بۆلۆنیا پەیڕەو دەكەن قوتابی و خوێندكار لە ماوەی یەك ساڵی ئەكادیمی خوێندن دا بۆیان هەیە تەنها دوو هەوڵی تاقیكردنەوەی كۆتایی ئەنجام بدەن.
|