"یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان هەرێمی کوردستان و هاوپەیمانان کۆتایی دێت"

55   خولەک پێش ئێستا  28 جار خوێنراوەتەوە

وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەو هاوکاری و هاوئاهەنگییەی لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگه و هاوپەیمانان هەبوو، بە گوێرەی یاداشتێکی لێکتێگەیشتن بوو کە بۆ چوار ساڵ بوو و لەمانگی نۆدا وادەکە کۆتایی دێت.

شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، بە رووداوی راگەیاند: "ئێمە لە هەرێمی کوردستان چوار ساڵ پێش ئێستا یاداشتی لێکتێگەیشتنمان لەگەڵ هاوپەیمانان واژۆ کرد. ئەو یاداشتە بۆ چوار ساڵ بوو و لە مانگی نۆدا چوار ساڵەکە تەواو دەبێت. هەموو خاڵەکانی نێو یاداشتەکە وەک خۆیان جێبەجێ کراون".

وەزیری پێشمەرگە وتیشی: "لە چوار ساڵەکەدا پابەندیی تەواو بە یاداشتەکەوە لە لایەن هەردوولاوە هەبوو. یەکێک لە بڕگە سەرەکییەکانی یاداشتەکە یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بوو کە بە تەواوی جێبەجێ کراوە و ئێستا هیچ هێزێکی پێشمەرگە لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە نییە".

شۆڕش ئیسماعیل باسی لە یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە کرد و گوتی: "هێزەکانی پێشمەرگە لە دوو دەڤەر و 11 فیرقە و فەرماندەییەک رێکخراونەتەوە و لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدان".

رۆژی شەممە، بی بی سی لە زاری بەرپرسانی ئەمریکییەوە باسی لەوە کرد، پێنتاگۆن بەرپرسانی هەرێمی کوردستانی ئاگادار کردووەتەوە لەوەی یاداشتی لێکتێگەیشتن لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە نوێ ناکەنەوە کە لە 30ی ئەیلوول کۆتایی دێت. بەمەش، ئەو یارمەتییە داراییەی بۆ پێشمەرگە دەنێردرا دەبڕدرێ، کە لە بودجەی ئەم ساڵی داریی پێنتاگۆندا بە 61 ملیۆن دۆلار دانرابوو. 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە