نزیکەی 100 موڵکی بەرپرسێکی تاپۆ لە سەڵاحەدین دەستیان بەسەرداگیرا

1     کاتژمێر پێش ئێستا  199 جار خوێنراوەتەوە

دەستەی دەستپاکیی فیدراڵیی عێراق دەڵێ، لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا دەستیان بەسەر بەڵگەنامەی 95 موڵکدا گرتووە کە سەرجەمیان موڵکی یاریدەدەری بەڕێوەبەری فەرمانگەی تۆمارکردنی خانووبەرەی (تاپۆ)ـی پارێزگای سەلاحەدینن.

بەگوێرەی راپۆرتە هەواڵگرییەکانی دەستەی دەستپاکیی عێراق، تۆمەتبارەکە کە ئێستا بەهۆی دۆسیەی دیکەوە دەستگیرکراوە، تۆڕێکی ئاڵۆزی بۆ سپیکردنەوەی پارە و شاردنەوەی سامانەکەی دروستکردووە. 

دوای وەرگرتنی رەزامەندیی دادوەر، تیمەکانی دەستپاکی هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەی لە شاری تکریت و هاوژینی تۆمەتبارەکەیان دەستگیرکرد.

ئەفراح عەبدرەزا شەمەری، ناسراو بە دایکی عەبدوڵڵا، یاریدەری بەڕێوەبەری تۆماری خانووبەرەی پارێزگای سەلاحەدین، رۆژی 26ی ئابی 2026 لەگەڵ هاوژینەکەی دەستگیرکران .

دەستەی دەستپاکیی عێراق، ئەمڕۆ شەممە لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "هاوژینی تۆمەتبارەکە (پیاوەکە) لە کاتی لێکۆڵینەوەدا دانی بەوەدا نا کە نزیکەی 27 موڵک بە شێوەیەکی رووکەش بەناوی ئەوەوە تۆمارکراون، جگە لە چەندین موڵکی دیکە کە بەناوی کەسوکار و مامەڵەکارانەوەن، بەڵام خاوەندارێتیی راستەقینەیان بۆ هاوژینەکەی دەگەڕێتەوە."

ئەو موڵکانە کە دەکەونە پارێزگاکانی بەغدا، دیالە و سەلاحەدین، لە رێگەی وەرگرتنی بەرتیل و خراپ بەکارهێنانی پۆستەکەیەوە بەدەستهێنراون. دەستەی دەستپاکیی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەو پارەیەی موڵکەکانی پێ کڕدراون، لە رێگەی وەرگرتنی بەرتیل لە هاووڵاتییان و قۆستنەوەی پۆستەکەیەوە بووە بۆ بەرژەوەندیی تایبەت."

لە کاتی پشکنینی ماڵەکەدا دەست بەسەر چەندین بەڵگەی دیکەدا گیراوە، لەوانە 31 بەڵگەنامە کە تەنیا مۆر و پەنجەمۆری کەسانی جیاوازیان لەسەر بووە، بۆ ئەوەی دواتر بۆ مامەڵەی نایاسایی بەکاربێن؛ هەروەها دەست بەسەر 4 کۆمپیوتەردا گیراوە کە یەکێکیان تایبەت بووە بە کردنەوەی (بارکۆد)ی فەرمانگەی تاپۆی سەلاحەدین و بە نایاسایی لە ماڵەکەدا بووە.

جگە لەوانە، دەست بەسەر بڕێکی زۆر پارەی کاش بە دینار و دۆلار، سندووقێک زێڕ، لەگەڵ چەندین گرێبەستی کڕین و فرۆشتنی دەرەکی و ئۆتۆمبێلێکی مۆدێل بەرزدا گیراوە. 

دەستەی دەستپاکیی عێراق دەڵێ: "تۆمەتبارەکە بە مەبەست ئەو موڵکانەی بەناوی کەسانی دیکەوە کردووە بۆ ئەوەی لە لێپرسینەوەی یاسایی رابکات، چونکە بەپێی یاسا دەبووایە ساڵانە زانیاریی دارایی و سەروەت و سامانی خۆی ئاشکرا بکات."

دادوەری لێکۆڵینەوەی پارێزگای سەلاحەدین بڕیاری دا بە راگرتنی هاوژینی تۆمەتبارەکە، بەگوێرەی مادەی 36ـی یاسای بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و پاڵپشتیی دارایی تیرۆر (ژمارە 39ـی ساڵی 2015)، تاوەکو تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان لەم دۆسیەیەدا.

 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە