بەمنزیکانە پارتی و یەکێتی لەسەر ئاستی باڵا کۆدەبنەوە
1 کاتژمێر پێش ئێستا
20 جار خوێنراوەتەوە
وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند؛ بەمنزیکانە پارتی و یەکێتی لەسەر ئاستی باڵا کۆدەبنەوە.
مەحموود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند؛ پێویستە لە زووترین کاتدا پەرلەمانی کوردستان کارا بکرێتەوە و هەنگاوەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکەن.
وتەبێژی پارتی ئاشکراشی کرد، لە ئایندەیەکی نزیکدا هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە، ئاماژەی بەوەش کرد، "کۆبوونەوەی لووتکە" لە نێوان سەرکردایەتی هەردوولا پاش کۆبوونەوەی وەفدی هەردوو حزب ئەنجام دەدرێت.
سەبارەت بە لێکنزیکبوونەوەی لایەنەکان، مەحموود محەمەد وتی: "پێش رووداوەکان ناکەوین، کاتێک کۆبوونەوەکان ئەنجامدران دەتوانین بە روونی قسە لەسەر ئەنجامەکان بکەین." جەختیشی کردەوە، مێزی گفتوگۆ تەنیا شوێنە بۆ چارەسەرکردنی هەموو ئەو بابەتانەی کە ماونەتەوە.
سوپاس و دەستخۆشی ئاراستەی ئەو لایەنە سیاسییانە کرد، رۆڵیان هەبووە لە هەوڵدان بۆ شکاندنی ئەو چەقبەستووییە سیاسییەی هەیە، گوتیشی: "لایەنەکان بەشێکن لەم پرۆسەیە و ئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوەییان لەسەر شانە."
لەبارەی دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردن و ماوەی یاسایی پەرلەمان، وتەبێژی پارتی رایگەیاند: "ئەگەر گەیشتینە ئەو بڕوایەی رێگەیەک هەیە بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێ، ئەو کاتە پێویست ناکات پێشوەختە بڕیار بدەین کە سێ ساڵ یان چوار ساڵ بۆ هەڵبژاردن دیاری بکرێت، بەڵکو ئەو بابەتە لە کاتی خۆیدا بڕیاری لێ دەدرێت."
|