بۆچی نرخی لیترێک بەنزین لە هەرێمی کوردستان نابێتە 450 دینار؟

1     کاتژمێر پێش ئێستا  229 جار خوێنراوەتەوە

وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێ، کەمتر لە هەفتەیەک ماوە لیژنەی پەرلەمانی عێراق بڕیار لە پشکی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەنزین بدات و داوای کرد هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق مامەڵە بۆ نەوت و بەنزین لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێ؛ ئاماژەی بەوەش کرد، بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان ئاسایی بووەتەوە.

کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان ئاسایی بووەتەوە و هەموو کێڵگەکان دەستیان کردووەتەوە بە بەرهەمهێنان، جگە لە کێڵگەی سەرسنگ، کە بەهۆی ئەو کارە تیرۆریستییەی دژی کرا، هێشتا تەواو ئاسایی نەبووەتەوە".

وەزیری سامانە سرووشتییەکان وتی: "ئێستا رۆژانە 200 بۆ 220 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمی هەرێمی کوردستان هەیە، 50 هەزار بەرمیلی بۆ نێوخۆ تەرخان دەکرێ و ئەوی دیکەش لەگەڵ نەوتی کەرکووک لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە رەوانەی بەندەری جەیهان دەکرێت لە تورکیا".

کەمال محەممەد باسی لە کەمیی بەنزین و بەرزیی نرخەکەی لە هەرێمی کوردستان کرد کە زیاتر لە سێ مانگە بەردەوامە و وتی: "پێشتریش وتوومانە 50 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بەشی بەنزینی ئێمە ناکات و هەموو کات داوای 115 هەزار بەرمیلمان کردووە. حکومەتی فیدراڵی بڕیاری داوە تەنیا 50 هەزار بەرمیل بداتە هەرێمی کوردستان، بەڵام لە هەمان بڕیاردا ئاماژە بەوەش کراوە، ئەگەر 50 هەزار بەرمیل بەشی نەکرد، 15 هەزاری دیکە وەک بەرهەمە نەوتییەکان زیاد دەکەین".

لە پارێزگاکانی نێوەڕاست و خوارووی عێراق لیترێک بەنزین بە 450 دینارە. وەزیری سامانە سرووشتییەکان ئاماژەی بە جیاوازیی نرخ کرد و رایگەیاند: "خەڵک دەپرسێت بۆچی بەنزین لیتری بە 450 دینار بۆ هەرێمی کوردستان دابین ناکرێ؟ بەڕاستی هەموو هەوڵی ئێمە وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوە بووە هیچ جیاوازییەک لەنێوان هاووڵاتییەکی خواروو و نێوەڕاستی عێراق و هەرێمی کوردستاندا نەبێت، بەڵام جیاوازییەکە ئەوەیە وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ هەر بەرمیلێک چوار دۆلار دەداتە پاڵاوگەکان، بەڵام لە هەرێمی کوردستان 16 دۆلارە. ئێمەش لەگەڵ ئەوەداین لیترێک بە 450 دینار بێت، بەڵام هەمان مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بکرێ، کە چۆن بۆ پاڵاوگەکان بۆ بەرمیلێک نەوت چوار دۆلار دەدرێت، بۆ ئێمەش بەو نرخە بێت".

کەمال محەممەد ئەوەشی وت: "ئەگەر بۆ ئێمەش چوار دۆلار هەژمار بکەن بۆ پاڵاوگەکان، هێشتا 50 هەزار بەرمیل نەوت بەشی هەرێمی کوردستان ناکات، پێشتریش گوتوومانە 115 هەزار بەرمیلمان پێویستە و بە هەمان نرخ و بڕی پارێزگاکانی دیکەی عێراق بۆمان دابین بکرێت".

بەوتەی وەزیری سامانە سرووشتییەکان، لە هەرێمی کوردستان 2 ملیۆن و 900 هەزار ئۆتۆمبێل تۆمارکراون، بەڵام لە 50 هەزار بەرمیل نەوتی خاو دەتوانرێ ملیۆنێک و 700 هەزار لیتر بەنزینی لێ بەرهەم بهێندرێت و بەشی ئەو ژمارەیەی ئۆتۆمبێلانە ناکات.

ئاماژەی بەوە کرد، ئەوان داوایان کردووە حکومەتی عێراق یان بەگوێرەی سەرژمێری (کە هەرێمی کوردستان 14%ی دانیشتووانی عێراقە) بەنزینیان بۆ دابین بکات، یان بەگوێرەی پشکی ئێستای هەرێمی کوردستان کە رێژەکەی بە 12.67% دیاری کراوە، بەو پێیەش پشکی رۆژانەی هەرێمی کوردستان زیاتر دەبێت لە 126 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە.

لەبارەی هەنگاوەکان بۆ چارەسەرکردنی کەمی و بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین، وەزیری سامانە سرووشتییەکان جەختی لەوەکردەوە: "20ی مانگ بە نووسراو داوامان لە وەزارەتی نەوتی عێراق کرد بڕی پێدانی نەوتی خاو زیاد بکەن بۆمان. ئەوان دایانە ئەنجوومەنی وەزیرانی خۆیان، دواتر لیژنەیەکی پەرلەمانی پێکهات بۆ چارەسەرکردنی ئەو بابەتە. لیژنەکە 26ی ئاب وەزارەتی نەوتیان بانگ کرد، 27ی مانگ وەزارەتی ئێمەیان بانگهێشت کرد و ئێمەش هەموو داتاکانمان رادەست کردن و هیوادارین راسپاردەی لیژنەکە بۆ پەرلەمان بەرز بکرێتەوە بۆ ئەوەی بڕیارێکی دروست بدەن".

بەوتەی کەمال محەممەد، لیژنەکە دوای هەفتەیەک راپۆرتی خۆی بۆ پەرلەمانی عێراق لەسەر رێژەی نەوت بۆ هەرێمی کوردستان بەرز دەکاتەوە و دواتر دەدرێتەوە وەزارەتی نەوت و ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ بڕیاردان لەسەری.

 وەزیری سامانە سرووشتییەکان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، باسی لە نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان کرد و وتی: "نەوتی سپی یەکێکە لە پێویستییەکان بۆ هەرێمی کوردستان و وەرزی زستان لە هەرێمی کوردستان ساڵانە زووتر دەگات لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق، ساڵانە تاوەکو ئێستا تەنیا 50 ملیۆن لیتریان بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە، بۆ ئەم ساڵ داوا دەکەین لە نەوت و پێداویستییەکانی دیکە هاوشێوەی عێراق پشکی هەرێمی کوردستان بنێردرێت".


   ئەمانەش بخوێنەرەوە